ئۆتۆمبێلەکەت لە پارک و باخچەکان رابگریت سزا دەدرێیت

964+

فەرمان سادق

‎ئه‌ندازه‌ی پاركه‌كانی هه‌ولێر خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە سزا دەدات کە ئۆتۆمبێلەکانیان لە باخچە و پارکەکاندا لەژێر دارەکان رایبگرن.

ئه‌ندازه‌ی پاركه‌كانی هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌م ئۆتۆمبێلانه‌ی لە‌ناو پارك و دارستان و سه‌وزاییه‌كانی سنووریی شاره‌وانی هه‌ولێر رایانگرتووه تاوەکو ئۆتۆمبێله‌كانیان خۆر لێی نه‌دات، له‌مه‌ودوا ئه‌مجۆره‌ راگرتنه‌ سزای له‌سه‌ره‌.

رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە 964ـی وت، ئەو راگرتنە ده‌بێته‌ هۆی زیانگه‌یاندن به‌ دار و نه‌مامه‌كان و تێكدانی چاڵی داره‌كان.

دەشڵێت: ئەوەی لەسەر ئێمەیە تۆماری سزایەکە بکەین و بە نووسراوی فەرمی بیدەین بە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، ئەوان سزایەکە جێبەجێ دەکەن.

زیاتر وتیشی “ئێمە بڕی سزایەکە دەستنیشان ناکەین، بەڵکو پۆلیسی هاتوچۆ دیاریدەکات”.

لە سەنتەری هەولێر 450 پارک و باخچە هەیە، کۆی گشتی رێژەی سەوزایی لەسەر بنەمای پێوەر 19.5%، بەڵام بەڕێوەبەرای ئەندازەی پارکەکان ئاشکرای دەکات کە هەر گەڕەکێکی نوێ دروست بکرێت ئەوا رێژەی 25%ـی رووبەرەکەی دەکرێتە سەوزایی.