وەزیری خوێندنی باڵا: زۆرترین دەرفەتی خوێندنی گشتی لە زانکۆکان دەڕەخسێنین
964+
توانا نەقی
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێـم شێواز و پلانەکانی وەرگرتن و گواستنەوە و دابەزینی خوێندکارانی لە زانکۆ و پەیمانگاکان تاوتوێكرد و بریاریداوە زۆرترین خوێندکار دەرفەتی خوێندنیان بۆ بڕەخسێت.
ئەو وەزارەتە بڵاویکردەوە، ئەو پلانانەی کە بڕیاردرا جێبەجێ بکرێن بۆ ساڵی خوێندنی 2023 – 2024ـە، بەرنامەی پێویست لەبارەیانەوە دانراوە.
ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێـم رایگەیاند، بۆیەکەم جار لە مێژووی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی رابردوو توانیویانە زۆرترین رێژەی پلانی وەرگرتن بۆ دەرچوانی پۆلی 12ـەی ئامادەیی لە زانکۆکان تەرخان بکەن.
وتیشی، دەیانەوێت لانیکەم رەنگدانەوەی شەفافیەت و یەکسانی هەبێت لە نێوان کچان و کوڕانی هەرێـم لە وەرگرتنیان لە زانکۆ حکومییەکان.
ئێستادا لە هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی و بە بەشداری زیاتر لە 117 هەزار قوتابی بەڕێوەدەچێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵاش لەسەر ئەو بنەمایە و وەک ئامادەکاری سەرقاڵی رێکخستنی میکانیزمی وەرگرتنی خوێندکارانن لە زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ساڵی خوێندنی 2023- 2024.