دیمەنێک لە سیستمی وەتەربۆکس بۆ ئاودانی نەمام. وێنە: https://mesonature.com
بۆ بەفیڕۆ نەچوونی ئاو شێوازێکی نوێی ئاودان دەگیردرێتەبەر
964+
فەرمان سادق
وەزارەتی کشتوکاڵ لەگەڵ کۆمپانیایەکی هۆڵەندی تاوتوێی شێوازێکی نوێی ئاودانی نەمامەکانی کردووە.
شێوازە نوێیەکە کە بە سیستمی وەتەربۆکس ناسراوە، کۆمپانیایەکی هۆڵەندی بەناوی (Meso Nature B.V. Hollandi) تایبەت بە دابینکردنی پێداویستیە کشتوکاڵییەکان و چاودێریکردن و بەرەو پێشبردنی ژینگە، لەگەڵ خۆیدا هێناویەتە کوردستان و لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ گفتوگۆی لەسەر کردووە.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت: لەپێناو بەفیرۆنەچوونی ئاو، شێوازی نوێ لە چاندنی نەمام پەیڕەو دەکرێت
ئەویش سیستمی وەتەربۆکسە بۆ چاندنی نەمام بەڕێگای زانستی و پارێزگاریکردن و پاراستنی ئاوی پاک لە بەفیڕۆچوون.
لە کۆبوونەوەکەدا بێگەرد تاڵەبانی، پشتگیری وەزارەتی بۆ نوێنەری کۆمپانیاکە دەربڕیوە و دەڵێت: ئەمە یەکێکە لە پەیڕە و پرۆگرامەکانی وەزارەت بۆ گەیشتن بە چاندنی نەمام بەشێوەی زانستی، لەپێناو پاراستنی ئاو لە هەرێمی کوردستان و ئاشناکردنی نەمامگەکانمان بە رواندنی نەمامەکانیان بە نوێترین شێوازی سەردەمی.