داواكاری خوێندكارانى زانكۆی راپه‌ڕین ده‌گەیەندرێته ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران
بەرپرسی ئیدارەی راپەڕین؛ هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشم ئاگادار کردووەتەوە توندوتیژی به‌رانبه‌ر خۆپیشانده‌ران ئەنجام نەدەن”.
964+
مه‌جید بیتوێنی – رانیه
خۆپیشاندانی بەرفراوانی خوێندکارانی زانکۆی ڕاپەڕین پێینایه هه‌فته‌ى سێیه‌م و داخستنی رێگای سەرەکی رانیە – چوارقوڕنە. به‌رپرسی ئیداره‌ى راپه‌رینیش به‌ڵێنی ئەوەی پێداون کە داواكارییه‌كانیان بگه‌یه‌نێته ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران.
خوێندکارانی زانکۆی راپەڕین، سێ هەفتەیە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووەو داوای خەرجکردنی دەرماڵەو کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی ئێواران دەکەن، ئەمەش هەمان داواکاری خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی و زانکۆی گەرمیان و زانکۆی هەڵەبجەیە کە لەسەر وەرنەگرتنی دەماڵەی خوێندکاران بایکۆتی خوێندنیان کردووە.
دوێنێ سێشه‌ممه ٢٩ـی تشرینی دووه‌م، خوێندکارانی زانکۆی راپەڕین هاوشێوەی رۆژانی دیکە ڕژانە سەرشەقام و بەرێپێوان چوونە بەردەم مۆنۆمێنتی راپەڕین و، بەدروشمی جیاجیا درێژەیان بە ناڕەزایەتییەکانیاندا.
وەڵام نەدانەوەو بەدەمەوە نەهاتن بۆ داواکارییەکانیان، وایکرد بۆ ماوەی دوو کاتژمێر ێگای سەرەکی رانیە – چوارقوڕنە دابخەن، ئەمەش وەک فشارێک، هێمن ئەحمەد، نوێنەری خوێندکارانی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان به 964+ـی راگەیاند؛ داواکاری خوێندکاران رەوایە و نازانین بۆ وەڵامیان نادرێتەوە، بۆیە تا وەڵام نه‌درێینه‌وه كۆتایی بەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان ناهێنین.
داخستنی رێگایەکە بووە هۆی پەکخستنی هاتوچۆ، لەگەڵ ئەوەی سەدان ئۆتۆمبێل لەمبەرو ئەوبەری شەقامەکە گیریان خواردبوو، بەڵام خوێندکاران بە یەکدەنگ هاواریان دەکردو داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان ده‌كرد..
محه‌مه‌د حاجی، خوێندکارێکی تری ناڕازییه بە 964+ـی وت “فشار‌و ناڕەزایەتییەکانمان فراوانتر دەکەین تا گوێمان لێبگیرێت، چونكه پێدانی دەرماڵەی مانگانەی خوێندن مافێکی یاسایی خوێندکارانە” .
دەرماڵەی خوێندکاران، بۆ خوێندکارانی ناوشارەکە ٤٥ هەزارو هی دەرەوەی شارەکەش ١٠٠ هەزار دینارە، وەزارەتی خوێندنی باڵا لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی خوێندن کە دەکاتە مانگی تشرینی یەکەی هەومم ساڵێک دەستدەکات بە دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ‌و پەیمانگاکان، بەڵام جگە لەوەی بۆ ئەمساڵ هێشتا خەرج نەکراوە، ئەوا هەندێک زانکۆ هەیە هێشتا هی مانگی شەشی ئەمساڵی وەرنەگرتووە کە دەکاتە دوا مانگی پڕۆسەی خوێندن.
خوێندکاران دەڵێن؛ ساڵی پاریش تەنیا پێنج جار دەرماڵەیان وەرگرتووە، ئێستاش داوادەکەین هەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا پێمان بدرێت.
له په‌یوه‌ندیه‌كی تەلەفۆنیدا، هیوا قه‌ره‌نی سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ى راپه‌ڕین به 964+ـی راگه‌یاند، ئاگادارى داواكاریی خوێندكاران هەیە، لەگەڵ نوینەرانیشیان دانیشتنمان کردووە، ئەوان یاداشتێکیان داوەتە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ئێمەش بەڵێنمان پێیانداوە بیگەیەنین بە ئەنجومەنی وەزیران تا چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بکەن.
هیوا قه‌ره‌نی وتیشی “داواكارىیەکەیان ده‌گه‌یه‌نینه ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و، به‌جدیش چاودێری و به‌دواداچوونى بۆ ده‌كه‌ین”.
زیاتر وتی “هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشم ئاگادار کردووەتەوە کە بە هیچ جۆرێک نابێت توندوتیژی به‌رانبه‌ر خۆپیشانده‌ران ئەنجام بدەن”.