زیاتر لە 71 ملیۆن دینار پێبژاردن کراوە

مانگی رابردوو به‌هۆی سه‌رپێچییه‌وه لە سلێمانی‌ 105 شوێن داخراون

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

قایمقامیەتی سلێمانی لە مانگی رابردوودا 71 ملیۆن و 500 هەزار دینار پێبژاردنی دارایی کردووە بۆ ئەو شوێنانەی کە سەرپێچیان کردووە و 105 شوێنی داخستووە.

هەر لە مانگی رابردوودا، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیەت، 35 شوێنیان رووبەڕووی دادگا کردووەتەوە و 601 شوێنیان ئاگادار کردووەتەوە کە پابەندی رێنماییەکان بن.

قایمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە لە فەیسبووک رایگەیاند، مانگی رابردوو زیاتر لە حەوت هەزار و 500 سەردانی بۆ دوكان، بازاڕ و شوێنه‌‌ گشتییه‌كان ئه‌نجام داوه‌ و 66 تۆن خۆراك و شتومه‌كی خراپ و ماوه‌به‌سه‌رچووش لە دوای دەستبەسەرداگرتن لەنێوبراون.

یەک هەزار و 17 شوێن سەرپێچیان کردووە و پسوڵەیان بۆ کراوە.

بەراورد بە مانگی ئایار، قایمقامیەتی سلێمانی لە مانگی نیساندا زیاتر لە دوو هێندەی داهاتی بە پێبژاردن کۆکردووەتەوە، کە بڕەکەی گەیشتووەتە 145 ملیۆن و 600 هەزار دینار.