دیمهنێكی ناوهندى ئیدارهى سۆران... فۆتۆ: 964+
1.8.2023 دوا وادەیە
هاتوچۆی سۆران بۆ ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان: بیگۆڕن بۆ تاکسی ئەگەرنا رێگەتان پێ نادەین
964+
فەرمان سادق
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سەرووی 880 ئۆتۆمبێلی تایبەت کاری تاکسی دەکەن، بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی سۆرانیش تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب مۆڵەتی پێداون و داوایان لێدەکات ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن بە تاکسی.
بە مەبەستی رێکخستنەوەی کاری تاکسی لە شارەکە و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی سۆران داوا لە خاوەن ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان دەکات کە کاری تاکسی دەکەن، ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن بە تاکسی.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ماوەی سێ مانگی دەرفەت پێداون کە دەرفەتەکە لە 1.5. دەسپێدەکات و لە 1.8.2023 کۆتایی دێت.
بارزان میر عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی سۆران بە 964ـی وت، لە سنوورەکە 880 ئۆتۆمبێلی تایبەت هەیە کە کاری تاکسی ئەنجامدەدەن، لەو ژمارەیە تاوەکو ئێستا 408 خاوەن ئۆتۆمبێلی تایبەت داواکاری پێشکەش کردووە کە ئۆتۆمبێلەکانیان دەکەن بە تاکسی.
دەشڵێت: سەرەتای مانگی ئاب دوا وادەیە، لە دوای ئەو کاتە هەر ئۆتۆمبێلێکی تایبەت ببینین کە کاری تاکسی دەکات ئەوا رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیردرێتەبەر.
بە گشتی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سەرووی دوو هەزار ئۆتۆمبێلی کرێ هەیە، لەو ژمارەیە بەشێکیان کیا و پیکئاب و لۆری بارهەڵگرن.