“دواى كۆتایی هاتنى كاره‌كانى شاندى هه‌رێم بۆ به‌غدا، یه‌كێتی و پارتى كۆده‌بنه‌وه‌”

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

ئه‌ندامێكى كۆمیته‌ى ناوه‌ندى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ 964+ ی راگه‌یاند په‌یڕه‌وى نوێى پارتى زۆر گۆڕانكاری گرنگی تێدایه‌
له‌وانه‌ش دامه‌زراندنى مه‌كته‌بی نوێ به‌ناوى “چاودێری حزب”. و ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ئه‌وه‌نده‌ خراپ نیه‌ كه‌ له‌میدیاكان باس ده‌كرێ، وتیشی ” دواى ته‌واو بوونى كاره‌كانى شاندى هه‌رێم بۆ به‌غدا هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن”.

لیزا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی ئه‌ندامى كۆمیته‌ى ناوه‌ندى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكى 964+ دا ئاماژه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك بابه‌تى گرنط ئه‌كات كه‌ په‌یوه‌نداره‌ به‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی پارتى و په‌سه‌ند كردنى په‌یڕه‌وى نوێی په‌سه‌ندكراوى حزبه‌كه‌ى له‌ كۆنگره‌ى 14 دا به‌ پێویست زانى و ده‌ڵێ به‌هۆی په‌یره‌وى نوێوه‌ گۆڕانكاری گرنگ له‌ سستمى حزبی حزبةكه‌یان رووده‌دات.


یه‌كێك له‌و گۆڕانكاریانه‌ى لیزا باسی ده‌كات كه‌ له‌ په‌یڕه‌و ئاماژه‌ى پێكراوه‌ دامه‌زراندنى مةكته‌بێكی نوێیه‌ له‌ناو حزب و ده‌ڵێ “به‌پێی په‌یڕه‌وى نوێ، كه‌ خاڵێكی زۆر گرنگه‌ مه‌كته‌بێكی نوێ كراوه‌ته‌وه‌ ئه‌ویش (مه‌كته‌بی چاودێری حزب)ه‌، كه‌ راسته‌وخۆ ئه‌و مه‌كته‌به‌ به‌ جه‌نابی سه‌رۆكه‌وه‌ به‌ستراوه‌، بۆ گه‌یاندنى گله‌یی و گازانده‌ى هه‌موو كادیرانى حزب‌، ئه‌و مه‌كته‌به‌ كه‌ناڵێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر كه‌موكورتییه‌ك هه‌بێت له‌ ده‌زگاكان یان ئه‌گه‌ر له‌ شوێنێك په‌یڕه‌وى ناوخۆ وه‌كخۆی جێبه‌جێ نه‌كرێ، ئه‌وا له‌رێگه‌ى ئه‌و مه‌كته‌به‌ نوێیه‌وه‌ بگه‌یه‌نرێته‌ جه‌نابی سه‌رۆك.

” خاڵێكی گرنگی ناو په‌یڕه‌وى نوێ، دامه‌زراندنى (مه‌كته‌بی چاودێری حزب)ه‌، كه‌ راسته‌وخۆ به‌ سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ “


لیزا باس له‌ به‌رده‌وامی كۆبوونه‌وه‌كانى حزبه‌كه‌ى ده‌كات بۆ دابه‌شكردنى پۆسته‌ ناوخۆییه‌كان و ده‌ڵێ “كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وامى هه‌یه‌ بۆ دابه‌شكردنى پۆسته‌كان له‌ناو پارتیدا به‌تایبه‌تیش بۆ دیاریكردنى به‌رپرسی لقه‌كان و هه‌ندێ گۆڕانكاری دیكه‌ له‌ناو ئۆڕگانه‌كانى دیكه‌ى حزب، به‌ڵام ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ى كه‌ له‌ناو په‌یڕه‌وى ناوخۆدا هاتوون، بۆنموونه‌ به‌رپرسی لق كاتى خۆی له‌ناو په‌یڕه‌وى ناوخۆ ده‌بوایه‌ ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى (كۆمیته‌ى ناوه‌ندی ئێستا) بوایه‌، به‌ڵام ئێستا مه‌رج نیه‌ ئه‌ندامى كۆمیته‌ى ناوه‌ندی بێت، به‌ڵكو ده‌كرێ كادیرێكی پێشكه‌وتووى پارتیش به‌رپرسیارێتى لق وه‌ربگرێت، هه‌روه‌ها رێژه‌ى كارگێڕی لقه‌كانیش گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه”‌.

” مه‌رج نیه‌ ته‌نها ئه‌ندامى كۆمیته‌ى ناوه‌ندی به‌رپرسی لق بێت، به‌ڵكو كادیرێكی پێشكه‌وتووش ده‌تاونێ ئه‌وكاره‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێ “


ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ هه‌موو دووساڵ جارێك هه‌ڵبژاردن بۆ كارگێر لقه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت ، “ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی گرنگه‌و ده‌بێته‌ پاڵنه‌رێكیش بۆ ئه‌وه‌ى كادیران په‌راوێز نه‌خرێن و كه‌سی شیاویش بخرێته‌ شوێنى شیاو، جگه‌ له‌وه‌ش ئێمه‌ له‌هه‌ولێر و دهۆك له‌ سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ش پێشتر ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیمان هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌ و بۆته‌ مه‌كته‌بی رێكسختن و ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسیش به‌رپرسیارێتى ده‌كات و چه‌ند ئه‌ندامێكی كۆمیته‌ى ناوه‌ندیش ده‌توانن وه‌ك یاریده‌ده‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌ندامه‌ى مه‌كته‌بی سیاسی كاربكه‌ن”.

” دووساڵ جارێك هه‌ڵبژاردن بۆ كارگێر لقه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت ،بۆ ئه‌وه‌ى  كه‌سی شیاو بخرێته‌ شوێنى شیاو”

له‌باره‌ى دابه‌شكارى پۆسته‌كان بۆ ئه‌ندامانى مه‌كته‌بی سیاسیش لیزا كاكه‌یی ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ “ئه‌و دابه‌شكاریه‌ى كه‌ بۆ پۆسته‌كان كراوه‌ به‌تایبه‌تیش ئه‌ندامانى مه‌كته‌بی سیاسی،‌ مۆدێلێكی نوێی پارتى نیه‌ ، به‌ڵكو مۆدێلێكی كۆنى پارتییه‌ و له‌سه‌ره‌تاى دروستبوونى پارتییه‌وه‌ ئه‌و مۆدێله‌ په‌یڕه‌وه كراوه‌، ئه‌وه‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى رابردووه‌ ، له‌رابردوو ئه‌مانبینى زۆر سه‌ركرده‌ى خه‌ڵكی گه‌رمیان له‌ دهۆك كاریان كردووه‌ و هه‌روه‌ها سه‌ركرده‌ى بادینا ن و هه‌ولێریشمان هه‌بووه‌، له‌سنوورى گه‌رمیان كاریان كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ى ئه‌و جوانییه‌ى پارتییه‌ كه‌له‌ رابردوودا هه‌یبووه‌، هۆكارێك بووه‌ كه‌ بابه‌تى ناوچه‌گه‌ری له‌ناو پارتیدا بوونى نه‌مێنێ”.

” ئه‌و دابه‌شكاریه‌ى كه‌ بۆ پۆسته‌كانى مه‌كته‌بی سیاسی كراوه‌،‌ مۆدێلێكی نوێی پارتى نیه‌، به‌ڵكو‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى‌ رابردووه‌، بۆ نه‌هێشتنى بابه‌تى  ناوچه‌گه‌ری له‌ناو پارتیدا “


سه‌بارت به‌ بڕیاری ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ر كه‌سێك ببێته‌ ئه‌ندامى مه‌كته‌بی سیاسی پارتى پێویسته‌ له‌ پۆستى حكومى بكشێته‌وه‌ ، لیزا وتى “ئه‌مه‌ بڕیارێك بوو له‌ كۆبوونه‌وه‌ درا و له‌ماوه‌یه‌كی نزیكیشدا جێبه‌جێ ده‌كرێت ، له‌م بڕیاره‌دا ته‌نها یه‌ك كه‌س ئیستیسنا (به‌ده‌ر كراوه‌) له‌م بڕیاره‌، ئه‌ویش ته‌نها بۆ دكتۆر فوئاد حوسێن هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ به‌غدایه‌و پۆسته‌كه‌شی هه‌ستیاره‌، دواتر رێكخستنى به‌غداش زیادكراوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی نوێیه‌ و دكتۆر فوئادیش وه‌كو بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی بەغدا ده‌ستنیشان كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى له‌مه‌ودوا زیاتر گرنگى به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا بده‌ین”.

” ته‌نها دكتۆر فوئاد حوسێن به‌ده‌ركراوه‌ له‌و بڕیاره‌ى كه‌ هه‌ردوو پۆستى حكومى و حزبی له‌یه‌ككاتدا به‌ڕێوه‌ ببات “


سه‌باره‌ت به‌ كردنه‌وه‌ى “لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ” كه‌ سه‌ركردایه‌تى پارتى له‌دواى كۆنگره‌وه‌ زۆرجار باسی كردووه‌ ، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى كۆمیته‌ى ناوه‌ندی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌، پارتى هه‌میشه‌ ده‌رگاكانى كراوه‌ بووه‌ بۆ دیالۆگ له‌گه‌ڵ پارته‌كانى تر، ده‌شڵێ “پارتى هه‌میشه‌ رۆڵی براگه‌وره‌یی گێڕاوه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و هیچ كاتێكیش ده‌رگاكانى دانه‌خستووه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ناخۆشترین ره‌وشه‌كاندا كه‌ به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، بۆیه‌ پارتى بڕیاری داوه‌ هه‌نگاوێكی نوێ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ بنێ و په‌یوه‌ندیه‌كانى له‌گه‌ڵ پارت و لایه‌نه‌كانى تر باشتر بكات، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوه‌شی زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌ بارودۆخی ناوخۆوه‌، چونكه‌ ئێمه‌ تا له‌ناوخۆی خۆمانه‌وه‌ یه‌كگرتوو و یه‌كووتار نه‌بین ناتوانین وه‌ك پێویسته‌ مامه‌له‌ له‌گه‌ڵ پارت و لایه‌نه‌كانى ناو عێراق بكه‌ین، بۆیه‌ سه‌ره‌تا ئه‌و لاپه‌ڕه‌ نوێیه‌ى پارتى بۆ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانه”‌.


سه‌باره‌ت به‌و لایه‌نه‌ى له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌لای پارتییه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌و لاپه‌ڕه‌ نوێیه‌ى بۆ بكاته‌وه‌، لیزا كاكه‌یی ده‌ڵێ “هه‌موو حزبێكی كوردی‌ له‌ناوخۆی هه‌رێم به‌لای پارتییه‌وه‌ گرنگن، چونكه‌ پارتى هه‌رگیز مامه‌ڵه‌كردنى خۆی له‌گه‌ڵ پارته‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ ئه‌و پارته‌ خاوه‌نى چه‌ند كورسییه‌ له‌ناو په‌رله‌مان، یان چه‌ند به‌هێزه‌و چه‌ندیش جه‌ماوه‌رییه‌، چونكه‌ هه‌ر لایه‌نێكی كوردی به‌لای پارتییه‌وه‌ گرنگی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بووه‌و هه‌یه‌، پارتیش به‌ سه‌نگ و قورساییه‌وه‌ مامه‌له‌ى له‌گه‌ڵ كردوون” .


به‌ڵام ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌ كه‌ “ئه‌و حزبانه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى پێكهێنه‌رى حكومه‌تن ئه‌وانه‌ به‌لای پارتییه‌وه‌ گرنگی تایبه‌تیان هه‌یه‌، ئه‌ویش له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیانه”.


سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى پارتى و یه‌كێتى كه‌ بڕیاره‌ سازبكرێت ، لیزا وتى “به‌م نزیكانه‌ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ى نێوان یه‌كێتى و پارتى له‌سه‌ر ئاستى مه‌كته‌بی سیاسی ده‌كرێ ، به‌ڵام ره‌نگه‌ دواى كۆتایی هاتنى كاری ئه‌و شانده‌ى هه‌رێم بێت له‌ به‌غدا، چونكه‌ ئه‌وه‌ى شاندى هه‌رێم له‌به‌غدا كاری له‌سه‌ر ده‌كات بابه‌تى گرنگن”.


له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانیشان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانى كوردستان كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ ساردى تێكه‌وتووه‌ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ى پارتى وتى “ئاستى په‌یوه‌ندیه‌كانمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ئه‌وه‌نده‌ خراپ نیه‌، ره‌نگه‌ هه‌ندێجار له‌هه‌ندێ بابه‌تى جه‌وهه‌ری له‌گه‌ڵ لایه‌نى یه‌كێتی جیاوازى بۆچوون و روانینمان هه‌بێت، ئه‌وه‌ش شتێكی ئاساییه‌ كه‌ هه‌بێ، چونكه‌ مه‌رج نیه‌ هه‌موو سیاسه‌ته‌كان وه‌ك یه‌ك بن ، بۆیه‌ نێوانى ئێمه‌و یه‌كێتى ئه‌وه‌نده‌ خراپ نیه‌ كه‌ له‌میدیاكان باس ده‌كرێ”.

له‌باره‌ى درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى په‌رله‌مانیش، لیزا كاكه‌یی كه‌ هاوكتت ئه‌ندامى په‌ره‌لمانی كوردستانیشه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، درێژ كردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى په‌رله‌مان بۆ ماوه‌ى ساڵێك، ماوه‌یه‌كی باشه‌ و ده‌كرێ په‌رله‌مان له‌و ماوه‌یه‌ كاری جدی بكات به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر كارنامه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو، وتیشی “به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌ش له‌سه‌ر شانى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانه‌، چونكه‌ ئێمه‌ به‌ڵێنمان به‌ ده‌نگده‌رانمان داوه‌ كه‌ ماوه‌ى درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى په‌رله‌مان ساڵێك بێت. بۆیه‌ دڵنیاشین‌ كه‌ په‌رله‌مان جگه‌ له‌وه‌ى ده‌توانێ كار له‌سه‌ر ئه‌و كارنامه‌یه‌‌ بكات ، كه‌ هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتوو له‌ هه‌رێم به‌ڕێوه‌بچێت، هه‌مانكات كار له‌سه‌ر زۆر پڕۆژه‌ى گرنگ هه‌ن ، بۆیه‌ پێموایه‌ ماوه‌ى ساڵێك زۆر گونجاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى په‌رله‌مان به‌و ئه‌ركانه‌ى خۆی هه‌ڵبستێت”.