لە نێو بارە سەوزەدا شاردرابوونەوە
لە دهۆک دەست بەسەر بڕێکی زۆر دەرماندا گیرا
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە بازگەی ئالوکا، سەر بە شارۆچکەی سێمێل لە پارێزگای دهۆک، ئاسایش دەستی گرت بەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی نایاساییدا، کە لەنێو بارە سەوزەدا شاردرابوونەوە.
قایمقامیەتی دهۆک، رۆژی یەکشەممە لە فەیسبووک ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا بارهەڵگرێک دەردەکەوێت پڕیەتی لە پیاز، کولەکە، کەلەرم و دەرمان.
خاوەنەکەی ویستویەتی دەرمانەکان بەو جۆرە شاراوەیە بهێنێتە دهۆک و لەوێ ساغیان بکاتەوە، قایمقامیەتی دهۆک وا دەڵێت.
لە رێکەوتی 30.3.2023، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا ھێنانی دەرمان بە رێگەی نایاسایی بۆ هەرێمی کوردستان بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە، بەڵام، رێکاری توندتر و نوێیان بۆ بنبڕکردنی گرتووەتەبەر.
“ئێستا وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی ئاسایشی گشتی و داواکاری گشتیی هەرێم، بەدواداچوون بۆ دەرمانی ساختە و نەشیاوانە دەكات، هەروەها جۆری دەرمانی گونجاویش ستیکەری کوالێتیی کۆنترۆڵی لێدراوە، تا خەڵكی بزانن نرخەکەی چەندە و چۆنیش بەکاردێت،” وەزیری تەندروستی وای وت.
ئێستا زیاتر لە 14 ھەزار جۆری دەرمان ستیکەری بۆ کراوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتی کۆنترۆڵ مۆڵەتی وەرگرتووە.