بیركێ جۆماڵكرا
+964
دانیشتوانی گوندی بیركێ بە هەرەوەز جۆگە و سێڵاوەكانی گوندەكەیان جۆماڵكرد
رۆژی هەینی ئەنجومەنی گوندەكە ئاگاداری بڵاوكردەوە بۆ دانیشتوانی گوندی بیركێ، بۆ ئەوەی كۆببنەوە و رۆژی یەك شەممە جۆماڵی سەرجەم جۆگە و ئاوەكان بكەن.
ئەمڕۆ یەكشەممە، بەشێك لە پیاوانی گوند كۆبونەوە و دەستیان بە جۆماڵكردن كرد، جۆگەكان پاككرانەوە و دارو نەمامەكان هەڵپاچران.
بەدار و خاكەناز و قوڵنگە وپاچ سەرجەم جۆگەكان پاككرانەوە و ئاوەڕۆكان كە گیرابوون بەربەستەكانی لادران، بەرد و دارێكی زۆر لە ناو چەم و جۆگاوەكان كۆكرانەوە.
بۆ نیوەڕۆش لە دەوری یەكتر كۆبونەوە و بەدەم شوتی خواردن و چای سەرخەڵوزەوە باسی پاككردنەوەی جۆگەكانی ئەوبەری دێیان كرد.
جۆماڵكردن، كرداری پاككردنەوە و رێككردنەوەی ئەو جۆگە ئاوانەی حكومەته، كه ئەمبەر و ئەوبەری بە كۆنكرێت دروستكراون و لە رێگەی میراوێكەوە بۆ گهیاندن و دابهشكردنى ئاو بۆ باخچه و رهزهكان بهكاردههێندرێت.
گوندی بەركێ 25ماڵن، حەوت كیلۆمەتر لە قەزای دەربەنیخانەوە دورە، دانیشتوانەكەی سەرقاڵی ئاژەڵداری و باخدار و كشتوكاڵن، بەرهەمی خۆماڵی میوە و سەوزەیان هەیە.
پێشتریش گوندەكانی دەوروبەری خورماڵ و گوندی وەردێ جۆماڵی جۆگە و چەم وئاوەكانیان كرد