لە هەر دۆنمێکدا 178 کیلۆ گەنم لە جوتیاران وەردەگیرێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لە هەر دوێنمێک زەوی بە گەنم چێندراو تەنیا 178 کیلۆ لە جوتیارانی هەرێم ردەگیرێت. ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، “جوتیاران زۆر زەرەرمەندن”.

بەپێی رێنماییەکانی حکومەتی عێراق، گەنم لە هیچ جوتیارێک وەرناگیرێت ئەگەر خۆی تۆمار نەکردبێت و نووسراوی پێنەبێت، لە نووسراوەکەشدا لە هەر دۆنمێکدا تەنیا 178 کیلۆی لێوەردەگیرێت.

پێشتر بڕیار بوو 378 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەربگیرێت، بەڵام دواتر ئەو ڕێژەیە بۆ 500 هەزار تۆن زیاد کرا.

ئەمساڵ 40 ملیار دینار بۆ وەرگرتنی گەمی جوتیارانی هەرێم دیاریکراوە و تۆنی بە 850 هەزار دینار خەمڵێندراوە.

“ئەگەر ئەو رێژەیە بکرێت بە ملیۆنێک تۆنیش سوودی جوتیاری تێدا نییە، چونکە ئەگەر جوتیارێک 100 تۆنیشی هەبێت ئەوا 20 تۆنی لێوەردەگیرێت و دەبێت باقییەکەی لە بازاڕ بە هەرزان بفرۆشێت”، ئەمە وتەی کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە بۆ 964.

بە بڕوای ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بڕیارەکە زۆر هەڵە دراوە و قبوڵ کراوە، چونکە دەبوو بەبێ دیاریکردنی رێژەی کیلۆ بۆ هەر دۆنمێک گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەربگیرایە.

ساڵی 2022  بڕی 311  هەزار تۆن گەنم لە هەرێم بەرهەمهاتووە و سەرجەمیشی وەرگیراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ بۆ دووهێندە بەرز ببێتەوە.