هەناردەی نەوتی هەرێم هێشتا وەستاوە

نرخی نه‌وت هه‌ندێك به‌رزبووه‌وه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 3.6.2023 نرخی به‌رمیلێك نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهان به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌بینی، ئێستا به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی برێنت به‌ 76.13 دۆلاره‌.

ئه‌م هه‌ڵكشانه‌ له‌ كاتیكدایه‌، دوێنێ نرخى بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت به‌ 74.74 دۆلار بوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ نزیكه‌ی دۆلار به‌رزبووه‌وه‌، هه‌روه‌ها نه‌وتی خاوی ئه‌مریكا به‌ رێژه‌ی 1.64 دۆلار به‌رزبووه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیاریی میدیاكانی بواری ئابووری و بازاڕی نه‌وتی جیهانی، رێككه‌وتنامه‌ی هاوبه‌شی نێوان چین، رووسیا، عێراق و ئێران لە بواری وزە، هۆكارێكه‌ بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و زیادبوونی خواست له‌سه‌ر نه‌وت.

پێده‌چێت ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ی نه‌وت، سوودی بۆ باری داهاتی عێراق هه‌بێت و گه‌شه‌ی زیاتر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت، له‌ كاتێكدا هێشتا هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیاوه‌ ده‌ستیپێنه‌كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ %16ی كۆی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی هه‌رێم پێكده‌هێنێت.

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق به‌ پێی دوایین ئامار، كه‌ له‌ 1.6.2023 بڵاویكرده‌وه‌، له‌ مانگی ئایاردا له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق، بایی 7.306 ملیار دۆلار نه‌وتی فرۆشتووه‌، به‌ تێكڕای 3.305 ملیۆن به‌رمیل له‌ رۆژێكدا.