بەختیاری سەرکەوتنی بەسەر پێنجوێندا تۆمارکرد
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
لە خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان، یانەی بەختیاری بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە پێنجوێنی بردەوە.
یارییەکانی گەڕی چوارەم لە خولی تۆپی پێی یانە پلە دووەکانی کوردستان بەرێوەچوو، لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی یەکەم یانەی بەختیاری لەسەر یاریگای فەرماندەیی میوانداری پێنجوێنی کرد.
تایمی یەکەم یاریزانانی هەردوو یانە ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کرد، لە کۆتایی ئەم گێمە دیدار ئاسۆ توانی گۆڵی پێشکەوتن بۆ بەختیاری تۆماربکات.
تایمی دووەم یانەی پێنجوێن بەمەبەستی هاوسەنگی ئەنجامەکە هاتنەوە نێو یاریگا، سیروان مەحمود لە خولەکی 52 گۆڵی یەکسان بوونەوەی بۆ پێنجوێن تۆمارکردەوە، دواتر لە کاتی زیادکراودا یانەی بەختیاری توانی گۆڵی دووەم لە رێگەی جەمال سەرحانەوە تۆماربکەن و
یارییەکەش بە دوو گۆڵ بەرامبەربە گۆڵێک لە سوودی تیپەکەی شاری سلێمانی کۆتایی هات، بەم سەرکەوتنە یانەی بەختیاری بەکۆی هەشت خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ پلەی دووومی کۆمەڵەکەی گرتووە، یانەی پێنجوێنیش بەبێ هیچ خاڵێک لە دوا ریزبەندی کۆمەڵەکەی دێت.
پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد