ئاوی 45 ماڵیش پیس بووە
مانگ و نیوێکە ئاوی 100 ماڵ لە گەڕەکێکی رانیە بڕاوە
964+
مەجید بتوێنی – رانیە
بەهۆی شکانی بۆرییەکی ئاوی خواردنەوە لە گەڕەکی راپەڕینی شاری رانیە، ماوەی 45 رۆژە 100 ماڵ بێ ئاو ماونەتەوە و 40 ماڵی دیکەش ئاوی پیسیان بۆ چووە.
ئەبوبەکر محەمەد، لێپرسراوی هۆبەی هونەری دابەشکردنی ئاوی رانیە بە 964ی راگەیاند، بۆری ئاوی خواردنەوەی گەڕەکەکە و بۆرییەکی زێراب شکاون و ئاوی پاک و پیس تێکەڵی یەک بوون.
دەشڵێت، لە دوای هەفتەیەک کارکردن، شوێنی شکانی بۆریەکەیان دۆزیوەتەوە و بە مەبەستی چارەسەرکردن شوێنەکەیان هەڵکەندووە و چارەسەری دەکەن.
داواشی لە هاوڵاتیان کرد هاوکاری تیمەکانی ئاوی راپەڕین بکەن و بەبێ ئاگاداری پێشوەختە، شوێنی بۆرییەکان هەڵنەکەنن و لەپێشدا بۆ هەر کارێک ئەوان ئاگادار بکەنەوە.
خالید ئەحمەد هاوڵاتییەکی گەڕەکی راپەڕینی شاری رانیەیە، ئەو بە 964ی وت، ماوەی مانگ و نیوێکە ئاوەکەیان رەنگی گۆڕاوە و بۆنی پیس بووە، بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیانیش رۆژانە تانکەری ئاو بە 10 هەزار دەکڕن.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر