لە 5 مانگدا 9 منداڵ فڕێدراون

964+
شۆڕش هەركی – هەولێر
پەیامنێرانی 964 لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و کەرکوک سۆراغیان کردوو بۆیان ساغ بووەوە کە ئەم پێنج مانگەی رابردوو نۆ حاڵەتی فڕێدانی منداڵ لە ناوچە جۆراو جۆرەکان هەبووە.

لە سەرەتای ئەم ساڵ تا کۆتایی ئەم مانگی پێنجەی کە رۆیشت، لە کەرکوک پێنج منداڵی ساوا فڕێدراون، لە پارێزگای هەولێریش دوو حاڵەت و لە دهۆك یەك حاڵەت و لە گەرمیانیش یەك حاڵەت هەبووە، بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە و زاخۆ و سۆران و راپەڕین هیچ شتێکی لەو جۆرە نەبووە.

ئەو منداڵانە لە بەردەم مزگەوت و شوێنە گشتییەکان فڕێدراون، هەندێکیان خەڵک هەڵیان گرتوونەتەوە و داونی بە پۆلیس، هەندێکی تریشیان راستەوخۆ پۆلیس خۆی هەڵیان گرتوونەتەوە.

زانیارییەکانی ناو ئەم سۆراغکردنە لە پۆلیس و نەخۆشخانەی منداڵبوون و بەشێكیشی لە سەرچاوەی تایبەتەوە دەستکەوتوون.

رووداوی هەرە دیار لە ناو ئەمانە، ئەوەی کەلار بوو کە رۆژی 24.4.2023 منداڵێکی ساوا لە بەردەم مزگەوتێکی ئەو شارە جێهێڵدرابوو، دواتر پۆلیس رایگەیاند سێ کەسیان دەستگیرکردووە کە ئەو کارەیان کردووە.

هەموو ئەو منداڵە ساوایانەی فڕێ دەدران، جاران بە بڕیاری دادوەر دەدران بەو خێزانانەی دەیانویست منداڵەکە بەخێو بکەن، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوەو هەموویان دەدرێن بە خانەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی.

ئەم زانیارییەی دوایی، جەلال خالید بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی منداڵبوون لە دهۆک بە 964ی وت.