بوو بە هاوین و نەوتەکەی زستان هەر نەگەیشتە شارەکان

964+

فەرمان سادق

ئەمساڵیس دابەشکردنی نەوتی سپی نەگەیشتە سەنتەری شارەکان

بۆ زستانی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی ئەوەبوو کە بە سێ قۆناغ نەوت بەسەر هاوڵاتیان دابەش بکات، لەگەڵ ئەوەی وەک وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت، دابەشکردنی لە ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری شارەکان کۆتایی هاتووە، بەڵام هاوین هات و نەوتەکە نەگەیشتە ناو سەنتەری شارەکان.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە 15.2.2023 رایگەیاند کە دابەشکردنی نەوتی سپی لە دەوروبەری شارەکان دەستی پێکرد، ئەمەش لە کاتێکدایە وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان کۆتاییهات و زیاتر لە 64 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر 321 هەزار و 138خێزان دابەشکرا.

ئەمڕۆ کە چوار مانگ بەسەر دابەشکردنی نەوت لە دەوروبەری شارەکان دەستی پیکردووە، تا ئێستا دابەشکردنەکە نەگەیشتووەتە سەنتەری شارەکان.

نافیز ناوپردانی، سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە 964ـی وت، لە 2014 کە کێشە کەوتە نێوان هەولێر و بەغدا بەشە نەوتی هاوڵاتیان لەلایەن حکومەتی عێراق بڕاوە، حکومەتی هەرێمیش توانای دابینکردنی نەوتی نییە بەهۆی تێچووە زۆرەکەی.

لەبارەی ئەوەی بۆ نەوتەکە ناگاتە ناو شارەکان، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەدا کە تەنیا هەولێر پێویستی بە 100 ملیۆن لیتر نەوت هەیە، هێندەی ئاگاداربم ئەمساڵ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان سەرووی 40 ملیۆن لیتر نەوت دابەشکراوە لە ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری شارەکان، بەڵام نەگەیشتووەتە ناو شارەکان.

زیاتر وتی “باوەڕ ناکەم ئەمساڵیش نەوت لە سەنتەری شارەکان دابەش بکرێت، هۆکارەکەش کێشەی نێوان هەولێر و بەغدایە، بەغدا ناینێرێت و حکومەتی هەرێمیش توانای نییە نەوتەکە دابین بکات”.