کۆرۆنا هێشتا مەترسی ماوە

وەزیری تەندروستی:داوامان لە WHO کردووە مامەڵەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ کوردستان بکەن

964+

بەشی کوردی

وەزیری تەندروستی دەڵێت، کۆرۆنا مەترسی جارانی نەماوە، ئاماژە بە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانیش دەکات کە داوایان لێی کردووە لەمەولا بەشێوەیەکی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ کوردستان بکەن.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لەبارەی رەوشی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، کۆرۆناوە هەر ماوە، بەڵام مەترسی و کاریگەری جارانی نەماوە.

هاوکات باس لە راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەکات کە مانگێک پێش ئێستا رایگەیاندبوو رەوشی کۆرۆنا لە جیهاندا مەترسی لەسەر نەماوە و بووەتە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی گوازراوە و کاریگەری لاوازە و رێژەی تووشبوونیش کەم بووە.

دەشڵێت: وەک وەزارەت رێکارەکانی تێستکردن و بەدواداچوون و چارەسەرکردن بەردەوامە، بەڵام رێکارەکانی پەیوەندار بە کۆمەڵگە نەماوە.

وەزیری تەندروستی، لەبارەی بەشدارییان لە کۆنگرەی تەندروستی جیهانی کە وەزیرانی تەندروستی وڵاتانی جیهان تێیدا بەشدار بوون و بۆ یەکەمجاریشە وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدار بێت، باس لە کۆبوونەوەکانی بەشی باکووری ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕست دەکات کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەزیرانی تەندروستی وڵاتانی دەوروبەر دانیشتنیان هەبووە بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانیان.

وتیشی “لەگەڵ سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی کۆبووینەوە و یاداشتێکمان پێشکەشکرد و داوامان کردووە مامەڵەیەکی راستەوخۆ و ئاوڕ لە هەرێمی کوردستان بداتەوە بۆ ئەوەی بەشدار بین لە پڕۆژە نێودەوڵەتییەکان، گرنگە هەرێمی کوردستان لە زاویەکی لۆکاڵ نەمێنێتەوە، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانی پەیوەندییەکانی بەرەو پێشەوە ببات”.