بە 20 رۆژ 13 ئۆتۆمبێل لە هەولێر سووتاون
964+
شۆڕش هەركی – هەولێر
بەرگری شارستانی هەولێر دەڵێت، لە تەنیا 20 رۆژی رابردوودا 13 ئۆتۆمبێل سووتاون و وەستایەکیش هۆکارەکەی بۆ کارەبایی ئۆتۆمبێلەکان و فیولپەمپ دەگەڕێنێتەوە.
سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئەو ئامارەی بە 964 دا و وتی، لە 10ی ئایارەوە حسابیان کردووە.
ئۆتۆمبێلەكان زۆربەیان لە مەكینەوە دەسووتێن، هەندێكیشیان بەهۆی كێشەی فیولپەمپەوە دەسووتێت و دەگات بە بەنزین و بە ئاسانی كۆنترۆڵ ناكرێت، بە قسەی وەستایەک.
مازن فەرزندە، وەستای ئۆتۆمبێل بە 964ی وت، هۆکاری بەشێک لە سووتانی ئۆتۆمبێلەکان بۆ زیادکردنی وایەرەکان یان زیادکردنی لایتەکانە، کە ئێستا بەشێکی زۆری شوفێرەکان وادەکەن، “زۆر کەس هەیە، خۆیان فیولپەمپی ئۆتۆمبێلەکان دەگۆڕن، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ سووتان”.
ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو، ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگای هەولێر – موسڵ، نزیک بە پارکی سامی عەبدولرەحمان بە تەواوەتی سووتا.
پێداچوونەوە: کوردستان ئەحمەد