9.6.2023 گەشت دەکەن

یەکەمجارە 690 حاجی کوردستان بە پاس دەچنە حەج

964+

ئەحمەد مستەفا

رۆژی 9ـی حوزەیرانی داهاتوو یەکەم کاروانی زیارەتکارانی ماڵی خودا لە کوردستان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بە رێگای وشکانی دەچنە سعودیە.

ئەمە یەکەمجارە حاجیانی کوردستان بە رێگەی وشکانی گەشتی حەج بکەن.

ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان، چوار ھەزار و 685 کەس فەریزەی حەج بەجێدەگەیەنن کە 690ـیان بە رێگای وشکانی گەشتەکە دەکەن.

یەکەم کاروانی حەجمان لە 690 کەس پێکھاتووە

شێخ نیاز نەقشبەندی، بەرێوەبەری گشتی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان بە  964ـی وت “یەکەم کاروانی حەجمان لە 690 کەس پێکھاتووە کە لە ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجەوە گەشت دەکەن و لەرێگەی دەروازەی شەلەمچە دەچنە سعودیە”.

لەبارەی گەشتی ئاسمانییەوە، نیاز نەقشبەندی دەڵێت: تائێستا خشتەی گەشتی ئاسمانی نەگەشتووە، بەڵام بێگومان لەپاش کاروانە وشکانییەکە دەبێت.

بەوتەی بەرێوەبەری گشتی حەج و عومرە، ئەوان ئامادەکارییەکانیان لە تکتی فرۆکە و پاس و مانەوەی شوێنی زیارەتکارەکانیان کۆتایی پێھێناوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق