نووسینگە گەشتیارییەکان: زیانمان کردووە
گەشتی هاوڵاتیانی سلێمانی بۆ تورکیا 50% کەمیکردووە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
گەشتی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ وڵاتی تورکیا 50% کەمیکردووە. ئەوە وتەی خاوەن نووسینگەکانی گەشتیارییە و دەشڵێن، دوای راگرتنی گەشتەکانی نێوان سلێمانی – تورکیا زیانیان بەرکەوتووە.
رۆژی 3.4.2023 تورکیا بڕیاری راگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی دەرکرد و هاوکات گەشتی ئەو وڵاتانەش راگیران، کە بە ئاسمانی تورکیادا دەهاتنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.
پێشتر لە رێگەی هێڵی فڕۆکەوانی تورکیش ئێرلاین و هێڵی ئاسمانی عێراق مانگانە 360 گەشت لە سلێمانیەوە بۆ تورکیا ئەنجام دەدرا.
“ئەگەر پێشتر مانگانە 3000 هاوڵاتی سلێمانی سەردانی تورکیایان کردبێت ئێستا کەمبووەتەوە بۆ 1500 کەس و کەمتریش”، ئەمە وتەی ژێوار جەلال، بەڕێوەبەری کۆمپانیای فۆینێکس تراڤێڵە لە سلێمانی بۆ 964.
دەشڵێت، ئەوانەی گەشتیش دەکەن لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی کەرکوک و هەولێرەوە دەچنە تورکیا.
بە بڕوای ئەو خاوەن کۆمپانیا گەشتیارییە، بەهۆی کەمبوونەوەی فرۆشتنی تکتەوە زیانیان بەرکەوتووە و “هیوادارین وەک باس دەکرێت مانگی حەوت گەشتەکانی سلێمانی – تورکیا دەستپێبکەنەوە”.