کولـە لە دەشتودەری ئاکرێ ئاڵاوە
+964
هیڤی دێوالی – دهۆک
دوو هەفتە دەبێت کە جۆرە کولـەیەکی رەنگ رەش لە سنوری قەزای ئاکرێ بڵاوبووەتەوە و بە قسەی جوتیاران زیانی بە بەرهەمەکانیان گەیاندووە.
بە قسەی خەڵکی ناوچەکە، ئەو جۆرە کولـەیە هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا پەیدادەبن، بە تایبەتی لە ناحیەی دینارتە و دەوروبەری چیای پیرس، ناحیەی بجیل و کۆچینە.
964 دەزانێت، لەو سنورە زیاتر لە 100 رەزی سماق و ترێ و میوەی دیکەی هاوڵاتیانی لێیە و ئەگەر رێگە لە کولـەکان نەگیرێت، ئەوا زیانی زیاتریان دەبێت.
دانیشتوویەکی ناحیەی دینارتە بە 964ی وت، کولـەکان بە تایبەتی لە بەیانی و ئێواران پەیدا دەبن، “ناچارین باخ و رەزەکانمان دەرمانڕێژ بکەین بۆ پاراستنی بەرهەمەکانمان”.
لەوبارەیەوە، کاروان جەمال وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئاکرێ بۆ 964ی باسکرد، ئەمساڵ کولـەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردووە و ناچاربوون لایەنی پەیەندیدار ئاگاداربکەنەوە بۆ دابینکردنی دەرمانی پێویست.
بەگوێرەی داتاکان، هەردوو ناحیەی دینارتە و بجیل نزیکەی 20 کیلۆمەتر دوورن لە سەنتەری قەزای ئاکرێ و ژمارەی دانیشتووانیان زیاترە لە 70 هەزار کەس.