خەڵك دەیبات و نایپارێزێت
نەمامگەی رانیە داوای پاراستنی نەمامەكان دەكەن
964+
مەجید بیتوێنی – رانیە
نەمامگەی شازاد سائیب لە رانییە گلەییان لە هاوڵاتیان هەیە و دەڵێن ئەو نەمامانەی كە دەیبەن نایانپارێزن و ئەمەش دەبێتە هۆی وشكبوونیان.
نەمامگەی شازاد سائیب، نەمامگەیەکی حکومییە 23 ساڵە نەمام بەرهەمدەهێنێت و یەکەمی سەر ئاستی کوردستانە و لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا 110 هەزار نەمامی بێ بەرامبەر دابەشکردووە.
لەم نەمامگەیە، ساڵانە بەخۆڕای چەندین نەمامی دەدرێت بە هاوڵاتیان و بۆ ئەوەی لە باخچە و شوێنە گشتییەكان بیچێنن.
ئەندازیار ئیسماعیل محەمەد، بەڕێوەبەری نەمامگەکە دەڵێت: جێگای نیگەرانیە نەمامەکان دوای هەڵمەتەکانی نەمام چاندن هەرکە وێنەی سێڵفی و بەردەم کامێرا تەواو بوو، نەمامەکان وشک ببن و خزمەت نەکرێن.
وتیشی “بەرهەمهێنانی نەمام بودجە و کاتی پێویستە، ئەمساڵ لەیەک هەڵمەتی نەمام چاندن 300 نەمامی زۆرباش لەلایەن نەمامگەمانەوە دابینکرا، بەڵام تا ئێستا ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە”.
لە سنوری 13 شارەوانی ئیدارەی راپەرین، 175 باخچە و 13 پارک و 62 بلواری سەوز کراو هەیە.
پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد