گەنجێکی خاوەن پێداویستی تایبەت خولیای یاریی لەشجوانییە

964+
هونەر فارس

بە جانتاکەی شانی و مەتارەیەکی گەورەی پڕ لە ئاوەوە خۆی بە هۆڵێکی لەشجوانیدا دەکات.

رەئوف خەسرەو، تەمەن 36 ساڵ، گەنجێکی خاوەن پێداویستی قەزای کەلارە و بە وتەی خۆی تا ئێستا چوار جار سەیارە لێیداوە، بەڵام بە وەرزشکردن بەسەر ئەو بارودۆخانەدا زاڵ بووە، کە بەسەریدا هاتووە.

بۆ ماوەی حەوت ساڵە رۆژانە روو لە هۆڵێکی لەشجوانی دەکات و هێندە خولیای لەشولاری رێکی هەیە، هەندێکجار بۆ نووسینی کۆرسەکانی روو لە بەغدا دەکات، بەڵام دواجار بە کۆرسی کەس رازی نابێت و خۆی کۆرسەکانی خۆی دەنوسێت.

هەر کە رەئوف دێتە هۆڵەکە، هەموو یاریزانان هانی دەدەن، هێندەش خوویان پێوەگرتووە ئەگەر رۆژێک دیار نەبێت، دەکەونە سۆراغی.

ئەو گەنجە خاوەن پێداویستییە، لە ئێستادا لەگەڵ ئاسنەکان بووەتە هاوڕێ و خەونی ئەوەیە بەشداری لە پاڵەوانیەتیی هێزی لەشدا بکات، بەڵام وەک دەوترێت خراپیی باری دارایی رێگرە لە بەردەم ئەو خەونەیدا.