مەلیکە هەنگی ئۆکرانی یەکەمجارە دەهێنرێت بۆ کوردستان
964+
فەهمی نەبی
چەند گەنجێک مەلیکەی هەنگ لە تورکیاوە دەهێنن و دەڵێن، ئێستا مەلیکەی هەموو وڵاتێک لە کوردستان هەیە و مەلیکەی ئۆکرانی یەکەمجارە دەهێنرێت بۆ کوردستان.
بەپێی ئاماری رێکخراوی هەنگەوانانی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان 20 هەزار کەس خەریکی کاری هەنگەوانین و ساڵانە 500 تۆن هەنگوین بەرهەمدەهێنن.
محەمەد قادر، یەکێکە لەو گەنجانەی کاری هێنانی مەلیکەی هەنگ دەکات بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، لە تورکیا و ئێرانەوە ئەو مەلیکانە دەهێنین، بەڵام لە ئێران تەنیا یەکجۆر هەیە ناوی کارنیکایە و لە تورکیا مەلیکەی هەموو وڵاتێک هەیە.
بەوتەی محەمەد قادر، بۆ یەکەمجارە جۆرێکی نوێیی مەلیکەیان هێناوە بۆ کوردستان پێی دەوترێت کارپات ئۆکرانیە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبارەی مەلیکەی هەنگ هەیە، جۆرەکانی زۆرن، هەیانە لە کەشی گەرمی دەژین و هەیانە لە کەشی سارد یان فێنکی دەژین، هەنگەوانان دەڵێن ئەگەر مەلیکە باش بوو گەراڕێژیەکە باش دەبێت، هاوکات هەنگوینەکەش باش دەبێت.
محەمەد دەڵێت، ئەو جۆرانەی لە کوردستان هەن، کرمۆنی، کارنیکا، کاردۆڤان، لۆجسی، قەوقازی، کرۆنۆلی و دەیان جۆری دیکە هەیە، بەجۆرێک ئەو مەلیکانە لە کڕواتیا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیایەوە دەهێنرێن بۆ تورکیا.
ئەوەش دەڵێت، نرخی هەر مەلیکەیەک بە 14 دۆلار لە تورکیا دەکڕدرێت.
بەوتەی هەنگەوانان، بەرهەمهێنانی مەلیکەی خۆمانە تێچووی زۆرە، لەبازاڕ ئەگەر هەشبێت نرخی دوو هێندەی مەلیکەی وڵاتانی دیکەیە.
ئەو کەسانەی کاری هێنانی مەلیکەی هەنگ دەکەن، دەڵێن مەلیکەی تەزویر هەیە، بۆ نمونە مەلیکە هەیە لە دەرەوە هێنراوە و لێرە بە مەلیکەی ناوخۆیی دەفرۆشرێت.