تووی دارەکانی پارکی ئازادی لێدەکەنەوە و لە بازاڕدا دەیفرۆشنەوە

964+

دیلان محەمەد جەزا

لە ئێستادا بەرهەمی دار تووەکانی ناو پارکی ئازادی پێگەیشتووە، بەڵام کەسانێک بەرهەمی تووەکان لێدەکەنەوە و لە بازاڕدا دەیفرۆشنەوە.

ژمارەیەکی زۆر داری بەردار لەناو پارکی ئازادیدا بوونی هەیە، زۆرینەیان داری تووە و ساڵانە لەم وەرزەدا بەرهەمەکانیان پێدەگات.

ئەو کەسانەی چاودێرن لە پارکەکەدا چەندان کەسیان گرتووە، کە بە سەتڵ توو لێدەکەنەوە و هەندێکیان بەمەبەستی فرۆشتنەوەی لێیدەکەنەوە.

بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە 964 وت، کەسانێک لە کاتی لێکردنەوەی بەری ئەو دارانە زیان بە دارەکان دەگەیەنن و بەشێوازێکی دروست مامەڵە لەگەڵ دارەکاندا ناکەن.

لە پارکی ئازادی سلێمانیدا چوار جۆر داری بەردار هەیە، دوو جۆریان دار تووە، داری هەنگی دنیا هەیە، داری نارنج و زەیتون هەیە.