نزیکەی 100 ساڵە قەزایە و نەخۆشخانەی گشتی نییە
964+
فەهمی نەبی
هاوڵاتیانی قەزای مەخمور سکاڵای نەبوونی نەخۆشخانەی گشتییان هەیە و دەڵێن بۆ حاڵەتە کتوپڕەکان یان دەبێت بچینە موسڵ یانیش هەولێر، قایمقام دەڵێت، چەندین ساڵە لەبەر کێشەی زەوی نەخۆشخانە بۆ مەخمور دروست نەکراوە.
مەخمور لە ساڵی 1927 بووەتە قەزا، لە هەولێرەوە 65 کیلۆ مەتر دوورە و لە پارێزگای موسڵ 60 کیلۆمەتر.
هاوڵاتییەکی ئەو قەزایە دەڵێت، “تەنیا بنکەی تەندروستیمان هەیە، ئەوانیش سەعات یەکی دوای نیوەڕۆ دایدەخەن”.
بۆ کێشەی نەبوونی نەخۆشخانەی گشتی لە مەخمور، رزگار ئیسماعیل قایمقامی مەخمور بۆ 964 وتی، لە ساڵی 2010-ەوە رەزامەندیی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی عێراق هەیە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی، بەڵام وەزارەتی تەندروستی پێی وابوو هەر زەوییەک تۆمارەکەی لە دەرەوەی سنووری موسڵ بێت، کاری لەسەر ناکەن، ئەمەش لەبەر ئەوەی تۆماری زەوییەکانی قەزای مەخمور هەمووی بەناوی پارێزگای هەولێرە.
قایمقامی مەخمور دەڵێت، ساڵی 2014 حکومەتی هەرێم رەزامەندی نیشان دا لەسەر تەرخانکردنی هەشت دۆنم زەوی بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەک لەسەر ئەرکی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی عێراق، هاتنی چەکدارانی داعش بۆ ناوچەکە سەرلەبەری هەموو پڕۆژەکانی راگرت.
بە گوێرەی زانیەرییەکان، بە هۆی شەڕی چەکدارانی داعش تا ساڵی 2019 پارێزگای نەینەوا هیچ بودجەیەکی بۆ تەرخان نەکرا، بەو هۆیەوە سەرجەمی پڕۆژەکانی قەزای مەخموریش وەستان.
بڕیاربوو لە ساڵی 2022 دروستکردنی نەخۆشخانەکە بچێتە ناو ئەو بودجەیەی بۆ گەشەپێدانی ئاسایشی خۆراکی پارێزگای نەینەوا دانرابوو، بەڵام دیسان کێشەی بۆ دروست بوو، چونکە ئەو زەوییەی تەرخانکرابوو هەشت دۆنم بوو، چونکە نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی نابێت لە 15 دۆنم کەمتر بێت، زرگار ئیسماعیل وای وت.
لە قەزای مەخمور دوو بنکەی تەندروستی هەن، یەکێکیان سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای موسڵە، ئەوەی دیکەیان سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێرە، هەردوو بنکەکە حەوت ئەمبۆڵانسیان هەیە، هەر رووداوێکی نەخۆشی لەناکاو بێت، دەیگوازنەوە بۆ هەولێر یان موسڵ.