سەدان ژن و پیاو لە حەوت ناوچەوە بۆ کارکردن لە دەشتی پێنجوێنن

964+
ئەحمەد مستەفا _ سلێمانی

دەشتی پێنجوێن، بەدەست و بازوو و پشتی چەماوەی سەدان کرێکاری ژن و پیاو و کوڕ و کچی لاو روو لەبەرھەمھێنانی دەیان بەروبوومی خۆماڵی دەکات.

کرێکارەکان لە ناوچەکانی، (ھەڵەبجەی شەھید، خورماڵ، سەیدسادق، شارەزوور، زەڕایەن، دەربەندیخان و عەربەت)، رۆژانە دەیان کیلۆمەتر دەبڕن و دەچنە پێنجوێن تا 12 کاتژمێر کاربکەن.

داھاتی ئەوان مانگانە دەگاتە 600ھەزار دینار، نەرمین عەبدوڵا یەکێکە لەو کرێکارانە، ئەو لە ھەڵەبجەی تازەوە ھاتووەتە پێنجوێن و رۆژانە لە کاتژمێر 4:00ی بەیانییەوە بۆ 4:00ی ئێوارە کاردەکات، ئەو بە 964ی وت، “کرێی رۆژانەمان 25 ھەزار دینارە، ئەگەر خەرجی رۆژانەشمانی لێ بدەین تەنیا 20 ھەزار دینارمان بۆ دەمێنێتەوە”.

نەرمین سەرەڕای ئەوەی ژنی ماڵەوەیە، پێی وایە ئەگەر خاوەن کارەکان ھاوکاریان بن، دەکرێ لە مانگی ئایار تا کۆتایی ساڵ و تەواوبوونی بەرھەم، لە ناو خانوودا بمێننەوە، تا خەرجیان کەمبێتەوە و دەشڵێت،”ئێستا کە سەرقاڵی دانانی شەتڵین ئێواران کە دەڕۆینەوە ماندووی دەستی رێگاکەین زیاتر”.

نازم سەعید یەکێک دیکەیە لەو گەنجانەی لە ناحیەی زەرایەنەوە ھاتووەتە پێنجوێن، ئەو بۆ 964 ئەوەی ئاشکراکرد، بێکاری وایکردووە روو لە دەشتی پێنجوێن بکات و ئەوەشی وت، “ئەوان 25 کرێکارن، کە رۆژانە ھاتوچۆ دەکەن، کرێچی و سەرۆک خێزانشیان تێدایە”.

کرێکارەکان ئەرکی شەتڵ و نەوار و پاراستنی زەرعاتەکەیان لەئەستۆیە، دواتر پاچەکۆڵە و پاش پێگەشتنی بەرھەمیش، ئەرکی رنین و بارکردنیان دەکەوێتە ئەستۆ، تا بنێردرێتە بازاڕ بۆ ساغکردنەوە، ئەوانەی دێنە پێنجوێن تا کۆتایی ساڵ و مانگی دوانزە بێکار نابن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا