لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمییەکانی نەخۆشخانەی راپەڕینی منداڵانی هەولێر پێکهێندرا

964+

فەرمان سادق

لەسەر کەموکوڕییەکانی نەخۆشخانەی راپەڕینی منداڵانی هەولێر لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 21.5.2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەردانی نەخۆشخانەی راپەڕینی منداڵانی هەولێری کرد.

سەردانی پارێزگاری هەولێر دوای سکاڵای چەندان هاوڵاتی هاتووە لەبارەی کەموکوڕی لە نەخۆشخانەکەدا.

لە راگەیەندراوێکدا پەیجی فەرمی پارێزگاری هەولێر هاتووە کە لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ سزادانی هەموو ئەو کەسانە پێکهێندراوە کە لە نەخۆشخانەی راپەڕینی منداڵانی هەولێر کەموکوڕیان لە کارەکانیاندا هەبووە.

پارێزگاری هەولێر لە ناكاو و بەبێ ئاگاداری پێشوەختە سەردانی نەخۆشخانەکەی کردووە و لە نزیکەوە گوێی لە هاوڵاتیان و گلەیی و کێشەکانیان گرت و لە كێشە و کەموکوڕییەکانی نەخۆشخانەکەی کۆڵیەوە”. لە راگەیەندراوەکەی پارێزگاری هەولێر هاتووە.

هاوکات ئەوەشخراوەتەڕوو کە لیژنەی لێکۆڵینەوە پێكهێنراوە بۆ چارەسەرکردنی كەموكوڕییەكانی نەخۆشخانەکە و سزادانی هەموو ئەوانەی كەمتەرخەمی لەکارەکانیاندا هەیە.