خانەقین.. ٢٥ خانوو بۆ هەژاران دروستدەكرێت
+964
راژان ماجد. – خانقين
ژمارەیەك گەنجی خانەقین، بە کۆمەکی خەڵک دەستیان کردووە بە دروستکردنی ٢٥ خانوو بۆ مناڵانی بێ باوك و خێزانە هەژارەكان.
دكتۆر عەلی تاڵب، خاوەنی بیرۆكەی پڕۆژەکەیە قسەی بۆ +964 کردووەو دەڵێ؛ بینیم ژمارەی هەژاران لە قەزای خانەقین پەرەی سەندووە، منداڵانی بێ باوك بێ ناز كەوتوون، لەگەڵ كۆمەڵێك لە هاوڕێیانم پلانی دروستکردنی ٢٥ خانوومان دانا، بۆ ئەمەش دەستمان کرد بە کۆکردنەوەی كۆمەك لە خودا پیداوان و، ناوی پڕۆژەکەمان ناونا کۆمەڵگەی خۆشەویستانی خودا (مجمع احباب الله).
زیاتر وتی “پڕۆژەکە دەستی پێکردووە، تا ئێستا نزیكەی نۆ خانوو تەواو بووە، چاوەڕێی کۆمەکی خێرخوازانین هاوكاریمان بکەن بۆ تەواوكردنی ئەوانی تریش”.
+964 دەزانێت، بڕیارە دوای تەواوبوونی هەر ٢٥ خانووەکە، بەشێوەی تیروپشک بەسەر کەسانی هەژار و منداڵانی بێ باوک دابەشی بکەن.
بە قسەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، هەر بەشێکی پڕۆژەکە دروستکردنی کارگەیەکی شیرینی و کارگەیەکی دوورینی جلوبەرگە، ئەمەش بۆ رەخساندنی هەلی کار بۆ ئەو خانەوادانەی کە کەمدەرامەت و هەژارن.