5 یاریزانی کورد بانگهێشتکراون

هەڵبژاردەی عێراق لە دەربەندیخان مەشق دەکات

+964
یادگار محەمەد – سلێمانی

هەڵبژاردەی بالەی عێراق لە شارۆچکەی دەربەندیخان کەمپێکی مەشق و راهێنان دەکاتەوە و پێنج یاریزانی کوردیش لەریزی پێکهاتەکەدان.

بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ پاڵەوانیەتی بالەی وڵاتانی عەرەب، کە بڕیارە لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ رکابەرییەکانی لە جەزائیر بەڕێوەبچێت، خالید ساڵح  راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لیستێکی سەرەتایی بڵاوکردەوە، کە لە 21 یاریزان پێکهاتووە، تا بەشداریی ئەو کەمپەی دەربەندیخان بکەن و هەریەک لە یاریزانانی کورد عەلی تەها، رابەر محەمەد، محەمەد مەحمود لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و عەبدوڵا کەریم لە یانەی غازی جنووب و ئیبراهیم یەشار لە یانەی هەولێر لەخۆدەگرێت.

عەلی تەها کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق تایبەت بە  964 وتی، دوای تەواوبوونی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێراق، فیدراسیۆنی بالە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقی دیاریکرد، بۆ ئامادەکردنی هەڵبژاردەکە بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتیی عەرەبی، لەسەر بناغەی ئەو ئاستەی کە لە خولی ئەمساڵ پێشکەشیان کرد، راهێنەر ئەو و هاوڕێ یاریزانە هاوڕێیەکانی بانگهێشتی تیپەکە کردووە.

بڕیارە  دووشەممە 22. 5. 2023 و بۆ ماوەی هەفتەیەک، هەڵبژاردەی بالەی عێراق لە شارۆچکەی دەربەندیخان بچێتە کەمپێکی مەشق و راهێنانەوە، هەروەها لە سەرەتای مانگی حوزەیرانیش، هەڵبژاردەکە لە ئێران کەمپێکی دیکە بەڕێوەدەبات، پاشان روو دەکاتە  جەزائیر و دەچێتە کەشی رکابەرییەکانی پاڵەوانیەتیی وڵاتانی عەرەبی.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا