یانەی دینارتە یاریزانێکی بە تەواوی لە ریزەکانی دوورخستەوە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لە خولی پلە دووی تۆپی پێی کوردستان، هەردوو یانەی دینارتە و یانەی شێخان رووبەڕووی یەکتر بوونەوە، دوای ئەوەی یاریزانێکی دینارتە هێرشی کردە سەر ناوبژیوانی یارییەکە، ناوبژیوان ئەو یاریزنەی لە یاریگە کردە دەرەوە و یانەکەش دوو یاریزانی دیکەی سزادا.
بێدار زێباری، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی دینارتە بە 964ی وت، “ئێمە وەک کارگێریی یانەی دینارتە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ رەفتاری ئەو یاریزانە و ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە نین، کە دووربێت لە گیانی وەرزشی لە ناو یاریگە”.
وتیشی، بە هەموو شێوەیەک ئیدانەی ئەو کارە دەکەن، کە یاریزانێکیان پەلاماری ناوبژیوانیداوە، بۆیە بڕیاریانداوە ئەو یاریزانە بەیەکجاری دووربخەنەوە لە یانەکەیان و چیتر لەو یانەیەدا یاریی ناکات.
بەرپرسەکەی راگەیاندنی یانەی دینارتە دەشڵێت، دوو یاریزانی تریشیان سزای مادی دەدرێن و لە یاریی داهاتوودا یارییان پێناکەن، بەم جۆرەش باسی کێشەکە دەکات، “لە ناو یاریگە هێشتا هەشت خولەک مابوو یاریی تەواو بێت، ناوبژیوان یارییەکەی کۆتایی پێهێنا، بۆیە یاریزانەکانیان خۆیان پێنەگیرا و پەلاماری ناوبژیوانیان دا”.
یانەی دینارتە لە خولی پلە دووی کوردستان خاوەن یەک خاڵە و دوو یاریی ئەنجام داوە، یارییەکی لەگەڵ یانەی باتیفا بە یەکسانی کۆتایی پێهات و لەگەل یانەی شێخان تووشی دۆڕان بوون بە ئەنجامی0-1 گۆڵ.
پێداچوونەوە: توانا نەقی