بازاڕی موبەریدە هێشتا کزە

964+

دیلان محەمەد جەزا

بەهۆی درەنگکەوتنی وەرزی گەرماوە، بازاڕی موبەریدە و ئامێرە ساردکەرەوەکان کزە، وادیارە هاوڵاتیان پەلەیان نەبێت لە راگەیاندنی هاوین.

ساڵانی رابردوو ئەم کاتانە، بازاڕی ئامێرە ساردکەرەوەکان زیاتر بوو، ئەو بارانەی پێشبینیدەکرێت ببارێت لە هەفتەی داهاتوودا، زیاتر بازاڕی ئەو ئامێرانەی کەمکردووەتەوە.

964 بۆ سۆراغی ئەم بابەتە لەگەڵ چەندین فرۆشیاری بازاڕ و گوزەرەکانی شاری سلێمانی قسەی کرد.

لە لایەکی دیکە، ئێستا موبەریدەی پلاستیکی جێگەی بە بازاڕی موبەریدەی پلێت لێژکردووە، لەبەرئەوەی موبەریدەی پلاستیک ئاسانکاری زیاتری تیادایە بۆ ناو ماڵەکان و جموجوڵ پێکردنیان.

میران ئەحمەد فرۆشیاری ئامێری کارەبایی بە تۆڕی 964ی وت، بە رێژەی 90%ی بازاڕی موبەریدەی پلێت کەمبووەتەوە و خواستێکی زۆر لەسەر موبەریدەی پلاستیکی دروستبووە.

موبەریدەی پلاستیکی ئاوی زیاتری پێویستە، بەڵام زۆرێک لە هاوڵاتیان وەکو جێگرەوەی سپلێت بەکاریدەهێنن.

بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان خانووەکان هەموویان لەسەر یەک مۆدێل دروستنەکراون و هێشتا سیستمێکی کارەبای 24 کاتژمێری بوونی نییە، هاوڵاتیان ساردکەرەوە و گەرمکەرەوەی جۆراوجۆر بەگوێرەی توانای خۆیان بەرکادەهێنن.