بۆ رەواندنەوەی مەترسی ئاگرکەوتنەوەیە

بەرگری شارستانی سلێمانی ئامادەیە

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

تیمی سەرجەم قەزا و ناحیەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. هۆکارەکەی ترسە لە کەوتنەوەی ئاگر.

ئەمساڵ لە رووبەرە دەشتاییەکانی دەوروبەری سلێمانی پووشێکی زۆر هەیە و بەرگری شارستانیش تیمەکانی بردووەتە نزیک ئەو شوێنانە.

پارێزگای سلێمانی لە 16 قەزا و 56 ناحیە پێکھاتووە، زۆرینەی دەشتی ئەو قەزا و ناحیانە بە دانەوێڵە چیندراوە.

ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە 964ی وت، “ئەم حاڵەتی ئامادەباشییە بۆپێشگرتنە لە روودانی ئاگرکەوتنەوە یان ئەگەر روویدا تیمەکانمان ناردووەتە نزیک دەشتەکان تا زوو کۆنتڕۆڵی بکەن”.

دەشڵێت، ئەمساڵ رووپێویمان کردووە و پووش و پەڵاشێکی زۆرمان ھەیە.

تا ئێستا لە سنووری پارێزگاکە ھیچ حاڵەتێکی روودانی ئاگرکەوتنەوە تۆمار نەکراوە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد