ئەڵمانیا وەبەرهێنانی نوێ لە عێراق و هەرێم ئەنجامدەدات
964+
فەهمی نەبی
گروپێک لە کۆمپانیا و وەبەرھێنەران و بازرگانانی ئەڵمانیا سەردانی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمیان کردوە، بڕیاردراوە کارگەیەکی بەیەکەوەبەستنی ئۆتۆمبێڵی ئەڵمانی لە ھەرێم دابمەزرێنن، سەرەتای ئەم هەفتەیە شاندێکی دیکەی وەبەرهێنەری ئەڵمانی لە بەغدا بوون بۆ وەبەرهێنانی نوێ لە شارەکانی عێراق.
ژمارەی ئەو کۆمپانیا و وەبەرھێنەرە ئەڵمانیانەی کە هاتونەتە هەرێم ٣٠ وەبەرهێنەری ئەڵمانی بوون، رۆژی چوارشەممە ئەو کۆبونەوەیە لە دەستەی وەبەرھێنان لە ھەولێر ئەنجامدراوە.
لە کانونی دووەمی ئەمساڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هێنانی وەبەرهێنەری ئەڵمانی سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو، لەمانگی ئاداری ئەمساڵیش، محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم لە ئەڵمانیا بووە بۆ هەمان مەبەست.
لەو سەردانەی کە سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامیدابوو لە مانگی کانونی دووەم، کۆمپانیا ئەڵمانیەکان بەڵێنیان دابوو دوو بنکەی تەندروستی بۆ کەمئەندامان لە هەولێر و بەغدا بکەنەوە، هاوکات هێنانی چەندین کۆمپانیای پیشەسازی و کشتوکاڵی بڕیاری لێدراوە.
بەگوێرەی داتاکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەت ژمارەی کۆمپانیا بیانییە تۆمارکراوەکان لە هەرێمی کوردستان، سێ هەزار و 342 کۆمپانیایە، لەو ژمارەیە سێ کۆمپانیای ئەڵمانین کە بەبەهای 30 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان کردووە، لەبوارەکانی کشتوکاڵ، تەندروستی و پیشەسازی کە بەوتەی دەستەی وەبەرهێنان سەتان هەلیکاریان رەخساندووە.
لە ماڵپەڕی فەرمی بالیۆزخانەی ئەڵمانیا لە عێراق نوسراوە، “عێراق وڵاتێکە رێژەی گەنجی زۆرە و دەستی کار تیایدا ئاسان دەستدەکەوێت، بۆیە هانی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان دەدەین لە عێراق وەبەرهێنان ئەنجامبدەن”.