جووتیارەکانی گوندی بلان چاندنی برنجیان دەستپێکرد

964+
زەید کۆچەر-دهۆک

جووتیارەکانی گوندی بلان لە ناحیەی ئەتروش، دەستیانکردووە بەچاندنی برنجی کوردی شەش مانگە.

ساڵانە لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان لە مانگی پێنج دەستدەکرێت بە چاندنی برنج، لە مانگی 10 بەرهەمەکەی پێدەگات.

عومەر حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری هۆبەی چاندن لە ناحیەی ئەتروش بۆ 964 قسەی کرد دەڵێت: جووتیارەکانی گوندی بلان لەسەر رووبەری 20 دۆنم زەوی چاندنی برنجی شەش مانگەیان دەستپێکردووە، بڕیار ئەوەیە لە ماوەیەکی کورتدا رێژەکە زیاد بکرێت.

عومەر حوسێن ئەوەشی وت، ساڵانە لە سنووری ناحیەی ئەتروش بەربوومی برنجی کوردی شەش مانگی 200 دۆنم زەوی دەچێندرێت.

بە هۆی لەباریی کەشوهەوا و رێژەی زۆری ئاوی کانی و بیر، ساڵانە رێژەیەکی زۆری برنجی کوردی لە پارێزگای دهۆک دەچێندرێت.

لە بارەی چاندنی برنج لە قەزای شێخان، نەجمەدین عەبدوڵا، بەڕێوەبەری چاندن لە قەزای شێخان بە 964ی وت، پێشبینیی دەکەن ئەمساڵ لە سنووری قەزای شێخان دوو هەزار و 500 دۆنم زەوی برنجی لێبچێندرێت.

ساڵانە زۆرترین رێژەی بەرهەمهێنانی برنج لە پارێزگای دهۆک دەکەوێتە قەسرۆکی سەر بە ناحیەی کەلەکچی.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی