ئافرەتانی هەولێر گۆڵبارانی سەیدسادقی کرد

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

لە یارییەکەی قۆناغی چوونی چوارگۆشەی زێرینی خولی فوتساڵی کچان، یانەی ئافرەتانی هەولێر بە ئەنجامێکی گەورە تیپی کچانی یانەی سەیدسادقی تووشی شکستێکی قورسکرد.

لە هۆڵی ساڵح عەلی لە شاری سلێمانی، یاری چوونی قۆناغی چوارگۆشەی زێرینی خولی فوتساڵی کچانی یانەکانی کوردستان بەرێوەچوو.

تیپی کچانی یانەی سەیدسادق، میوانداری یانەی ئافرەتانی هەولێری کرد، هەر لە خولەکی یەکەمەوە تیپی میوان بە هێرشبردن دەستیان بەیاری کرد و یاریزان دێرین مەحمود گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، دواتر سکۆری گۆڵەکان لەسوودی یانەی ئافرەتانی هەولێر رووەو بەرزبوونەوە رۆیشت، هەردوو یاریزانی تیپەکەی هەولێر، دێرین مەحمود سوپەر هاتریک و شۆخان نورەدین هاتریکی تۆمارکرد و دواجاریش یارییەکە بە ئەنجامێکی گەورە و بە 10 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە سوودی یانەی ئافرەتانی هەولێر کۆتایی هات.

مەزن محەمەدی راهێنەری یانەی ئافرەتانی هەولێر بە 964ـی راگەیاند، تیپەکەیان ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، ئەوان هەر لە سەرەتایی وەرزەوە ئامادەکارییەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی نازناوی خولەکە کردووە.

دەشڵێت: هەرچەندە بە ئەنجامێکی گەورە یارییەکەیان بردمانەوە، بەڵام دوو یانەکەی تر کە زاخۆ و رەواندوز ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکەن و رکابەری سەرەکی ئێمەن.

سەلمان عوسمان، راهێنەری تیپی کچانی یانەی سەیدسادق بە 964ـی وت، هۆکاری ئەو شکستە گەورەیە بۆ دوو خاڵ دەگەرێتەوە، ئەوانیش تیپەکەمان یەکەمجاریانە لە خولێکی گەورە یاری دەکات، هەروەها یاریزانەکان ئەزمونیان کەمە و ئامادەکاریمان بۆ ئەم قۆناغە باش نەبوو.

لە یاری دووەمی قۆناغی چوار گۆشەی زێرین، کچانی یانەی زاخۆ میوانداری رواندوزیان کرد و یارییەکەش بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە سێ گۆڵ لەسوودی کچانی زاخۆ کۆتایی هات.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق