دادوەرێکی کورد بوو بە سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق
964+
فەهمی نەبی
دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی ئەنجومەنەکە، دەستەی کۆمسیاران بەکۆی دەنگ دادوەر عومەر ئەحمەد محەمەدی هەڵبژارد بۆ سەرۆکی دەستەی کۆمیسیاران.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە بەغدای پایتەخت، دەستەی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەنگیدا لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمسیۆن و جێگرەکەی.
دادوەر عومەر ئەحمەد محەمەد پێشوتر جێگری سەرۆکی کۆمسیۆن بوو لە پشکی کورد، بەڵام ئەمڕۆ لەجێگەی دادوەر جەلیل عەدنان خەلەف هەڵبژێردرا ئەمەش دوای دەستلەکارکێشانەوەی.
هاوکات دەستەی کۆمسیاران دادوەر فەیاز یاسین حسێنی وەک جێگری سەرۆکی ئەنجومەن هەڵبژارد.
رۆژی 19.4.2023 دادوەر جەلیل عەدنان خەلەف، دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کرد، هۆکارەکانی ناڕازایی ئەو دادوەرە بۆ دەستوەردانی هێزە سیاسیەکان و حکومەت دەگەڕێتەوە بۆ کاری کۆمسیۆن.
پێکهاتەی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە 9 ئەندام پێکدێت، حەوت دادوەر و دوو راوێژکاری یاسایین، سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان دەکەن.