پێنج مانگە 322 کارمەندی تەندروستی لە دهۆک موچه‌یان وەرنەگرتووە 

964+

هەژین فەتاح

پێنج مانگە کارمەندانی گرێبەستی تەندروستی دهۆک موچەیان وەرنەگرتووە، بەڕێوەبەری تەندروستی دهۆکیش دەڵێت: ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەرداوە موچەکانیان بۆ خەرجبکرێت.

لە دهۆک 322 کارمەندی تەندروستی گرێبەست هەن، ئەنجومەنی وەزیرانيش رەزامەندی لە سەر ئەو 30%یە داوە کە لە بودجەی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی بۆ ئەوان تەرخان دەکرێت، به‌ڵام تا ئێستا ئەو 30% یەی لە بودجەی تەندروستی بەوان ده‌درێت، خەرج نەکراوە.

کارمەندانی گرێبەستی تەندروستی دهۆک لە سەر داهاتی پەرەپێدانە لە بەرێوەبەرایەتی گشتی ته‌ندروستی پارێزگای دهۆک، کە داهاتی پەرەپێدان 70%ـى بۆ حکومەتە و 30%ـى بۆ کارمەندی گرێبەستی تەندروستیە.
ئەفراسیاب موسا، بەرێوەبەری گشتی تەندروستی دهوک بە 964ـی وت، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی نیشانداوە کە گرێبەستی ئەو کارمەندانە بۆ ساڵی 2023 نوێ بکرێتەوە، موچەکانیشیان لەسەر داهاتی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی دهوک بۆ تەرخان دەکرێت.

دەشڵێت: ئەوان بڕیاری وەزاریان بۆ دەرنەچووە تاوەکو لە کاتی خۆیدا موچەکانیان پێبدرێت، بۆ ئەمەش وەزارەتی تەندروستی نووسراوی داوەتە وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی فەرمانی وزاریان بۆ دەربچێت، بەڵام لەبەر کەمی داهات هێشتا ئەو بڕیارە دەرنەچووە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق