دووسایدی نزارکێ شوفێرانی لە خەمرەخساند و پیادەڕۆیانی هەناسە تەنگ کردووە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

دووسایدی نزارکێ و ئیتیت بەهۆی پانییەکەی و نەبوونی پردی پیادە، بووەتە دووسایدی مەرگ لە دهۆک و خەڵک داوای دروستکردنی پرد دەکەن.

دووسایدی نزارکێ و ئیتیت، ماوەی حەوت ساڵ دەبێت دروستکراوە و درێژییەکە زیاتر لە پێنج کیلۆمەتر و پانی هەر سایدێکی 20 مەترە و هیچ پردێکی پەڕینەوەی پیادەی نییە، ئەمەش وایکردووە زۆرترین رووداوی هاتوچۆی بەرکەوتن بە پیادەڕۆکان لەو دووسایدە رووبدەن.

نیهاد وەرمێلی، هاوڵاتیەکی گەڕەکی نزارکێیە و قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: رۆژانە رووداوی هاتوچۆ لێرە روودەدات، پیادەڕۆ زۆر بە زەحمەت دەتوانێت بپەڕێتەوە.

دەشڵێت: جاری وا هەیە زیاتر لە 10 خولەک چاوەڕێم کردووە تاوەکو لە یەک ساید پەڕیوەمەتەوە، بۆیە زۆر پێویستە لەم دووسایدە پردی پەڕینەوە دروست بکرێت.

رێکوپێکی دووسایدەکە شوفێرانی لە خەمرەخساندووە و بە قسەی نیهاد وەرمێلی بێت زۆرینەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەم دووسایدە رەت دەبن خێراییەکەیان دەگاتە سەرووی 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی دهۆک بە 964ـی وت، شارەوانی دهۆک پلانی هەیە پردی پەڕینەوە لەسەر ئەو دووسایدە دروست بکات.

زیاتر وتیشی “نەک ئەو دووسایدە بە تەنیا بەڵکو بۆ زۆر شوێنی دهۆک دروست دەکرێت، بەڵام هێشتا بودجەی پێویستی بۆ دابین نەکراوە”.

لە سەنتەری دهۆک زیاتر لە پێنج پردی پەڕینەوەی هاوڵاتیان هەیە، بەڵام بە قسەی شارەوانی شارەکە بێت ئەوا پردی پەڕینەوەی زۆر زیاتر پێویستە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق