رێژەی پێویستیان بەدەستنەهێناوە

هیچ كامیان نەبوونە سەرۆكی توركیا

كوردستان ئەحمەد

بەپێی جیاكردنەوەی91.93%ی دەنگەكان، هیچ كام لە كاندیدە بەهێزەكانی سەرۆكایەتی توركیا نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ بوون بە سەرۆكی توركیا بەدەست بهێنێن.
هەڵبژاردن دەكەوێتە گەڕی دووەمەوە و لە رۆژی 28ی ئەم مانگە دەكرێت، واتا دوای 15 رۆژی دیكە.
ئاژانسی ئه‌نادۆڵ بڵاویكرده‌وه‌ به‌ ئه‌نجامی بەرایی %90.61ی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژادن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، هیچ كام لە كاندیدەكان نەیانتوانی بەربەستی ٪50 تێپەڕێنن و پۆسته‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنن.
ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا بە میدیاكانی وت، رێژەی دەنگە جیاکراوەکانی ناوخۆ و دەرەوە 91.93%ـە، بە شێوەیەک رێژەی دەنگە جیاکراوەکانی ناوخۆ 94.68% و دەرەوەش 36.85%ـە.
رەجەب تەیوب ئەردۆغان بەهێزترین كاندیدی هەڵبژاردنەكان، تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە 49.49%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و كه‌مال كلیچدارئۆغڵو دووەمین كاندیدی بەهێزی هەڵبژاردنەكانی توركیا، توانی 44.79%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، هه‌روه‌ها موحەڕەم ئینجەش کە لە بەربژێربوون کشابووەوە، 0.43%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
رۆژی یەكشەممە 14.5.2023، لە سەرتاسەری توركیا بە بەشداری زیاتر لە 60 ملیۆن هاوڵاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.