بەرگری شارستانی راپەڕین: هەر شوفێرێکی دەڕاسە ئاگرکوژێنەوەی لەلا نەبێت سزا دەدرێت

964+

ژێوار خدر- راپەڕین

بۆ پاراستنی بەرهەمەکانیان بەرگری شارستانی راپەڕین رێنمایی دەداتە جوتیارانی ناوچەکە.

ساڵانە لەگەڵ وەرزی دروێنەی گەنم و جۆ، هەواڵی سووتان و گڕگرتنی گەنمی جوتیارانیش دەبیسترێت، بۆ بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی سووتانی بەرهەمی چێنراوی جوتیاران، بەرگری شارستانی راپەڕین لەگەڵ ژمارەیەک رێنمایی بۆ جوتیار و شوفێرانی دەڕاسە بڵاوکردەوە.

عەلی قادر، وتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین بە 964ـی وت، هەموو ساڵێک پێش وەرزی دروێنە کۆمەڵێک مەرج و رێنمایی دەدەینە خاوەن دەڕاسەکان و پێویستە هەموو خاوەن دەڕاسەکان ئامێری ئاگرکوژێنەوەیان لەلا بێت، ئەمەش ئەگەری کەوتنەوەی ئاگری گەورە زۆر کەم دەکاتەوە و دەکرێت ئەگەر ئاگرێکی روویدا دەستبەجێ کۆنتڕۆڵ بکرێت.

بەرگری شارستانی رانپەڕین، ئەمڕۆ یەکشەممە 14.5.2023 ژمارەیەک رێنمایی بە خاوەن دەڕاسە و جوتیارانی ناوچەکە داوە.

وتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین دەڵێت: ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی راپەڕین هەموو ئەو رێگایانەمان چارەسەرکردووە کە چاڵ و چۆڵیان تێدابووە لەپێناو ئاسانکردنی هاتوچۆی ئامێرەکانی جووتکردن، هەر جوتیارێکیش پابەند نەبێت بە رێنماییەکان رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

هاوشانی پیدانی رێنمایی، بەرگری شارستانی راپەڕین داوا لە خەڵک دەکات لەکاتی بوونی هەر رووداوێکی ئاگر کەوتنەوە با پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی (115).

پێداچوونەوە: فەرمان سادق