باڵه‌كایه‌تى چوار وەرزە گەشتیاران لەخۆدەگرێت

+964

زۆزك باڵه‌ك – چۆمان

ڤیدیۆ

ساڵانە چەندین گروپى شاخەوانان و گەشتیاران كۆدەبنەوە و لە كۆتاییەكانی پایز گەشتی ناو سروشت دەكەن، به‌تایبه‌تیش لەناو سروشتی باڵەكایەتی چەندین رۆژ و شەو دەمێننەوە.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كه‌شتوگوزاری چۆمان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ له‌ هه‌ر چوار وه‌رزی ساڵدا گه‌شتیاران سه‌ردانى شوێنه‌ جۆراوجۆره‌كانى باڵه‌كایه‌تى ده‌كه‌ن.

ئەمساڵ بۆ دووەم ساڵە ژمارەیەك گروپی شاخەوانی و گەشتیاری بە هەماهەنگی گەشتوگوزاری چۆمان بۆ ماوەی سێ رۆژ لە سنوری گوندی جناس سەر بە شارۆچكەی چۆمان لەناو سروشتی باڵەكایەتی دەمێننەوە و تیایدا چەندین چالاكی جۆراو جۆر ئەنجام بدەن.

هەڵگورد محه‌مەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری چۆمان وتی بە 964+، “چەند رۆژێكە سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ ئەنجامدانی چالاكی و مانەوە لەناو سروشتی باڵەكایەتی لە وەرزی پایزدا، ئەمەش گەشتێكی تایبەتی ساڵانەیە كە تێیدا چەندین گروپ بەشدار دەبن، ئەمساڵ بۆ دووەم ساڵە بەڕێوەدەچێت”.

هەڵگورد وتیشی، لە ماوەی گەشتەكەیاندا كە سێ رۆژ و دوو شەوە، چەندین چالاكی جۆراوجۆر ئەنجامدەدرێت، لەوانە چالاكی ئەسپسواری و گەشتی شاخەوانی بەناو سروشت و كڵاوكلاوێن و چالاكی هونەری و ژینگەیی، ئامانجیش لەم جۆرە گەشتە ساڵانەیە ئەوەیە كە ناوچەكە بۆ لایەنی گەشتوگوزاری زیاتر پەرەپێبدەن و بیناسێنن “چونكە ناوچەكەمان یەكێكە لە ناوچە گرنگ و سەرنجڕاكێشەكان كە ساڵانە لە وەرزە جیاوازه‌كان گەشتیار و شاخەوانێكی زۆر سەردانی دەكەن”.

عەبدوڵا ئەحمەد، یەكێك لە بەشداربووانە و بۆ 964+ دەڵێت، لە هەر ناوچەیە و جۆرە چالاكییەكی جیاواز هەیە، بۆ دووەم ساڵیشە بەشداری گەشتی ساڵانەی پایز دەكەن بۆ ئەوەی كاتێكی خۆش و بەچێژ لەناو سروشتی ناوچەكە بەسەرببەن.

گەشتی ساڵانەی پایزە لە باڵەكایەتی، لەلایەن گروپ و چالاكانی ژینگە و گەشتوگوزار سەرپەرشتی دەكرێت بە مەبەستی مانەوە و یەكترناسینی شاخەوانانی شارە جیاوازەكان، تێیدا چەندین چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن و بەرهەمە خۆماڵیەكانی سنورەكەش تێیدا نمایش دەكرێن بە مەبەستی بە بازاڕكردنیان.

بۆ ئەمساڵیش ١٥ گروپی شاخەوانی و چەندین گەشتیار و خێزان بەشدارن بۆ گەشتەكە، كە بڕیاروایە سێ رۆژ لەناو سروشتی ناوچەكە بمێننەوە و تێیدا چەندین چالاكی جۆراوجۆر ئەنجامبدەن.

لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری چۆمان، ٣٠ شوێنی گەشتیاری مۆڵەتپێدراو هەیە، لەناویاندا حەوت گوند و کۆمەڵگەی گەشتیاریی هەن، لەگەڵ ٢٣ هاوینەهەوار، کە سەدان کەپر و ڤێلا و کافتریا و شوێنی حەوانەوەی گەشتیارییان تێدایە.

٦٠٠ کەپر و ٢٠٠ مۆتێل و ڤێلای گەشتیاری هەن بەتایبەت لەهاویندا لەرۆژەکانی پشوو هەموو پڕ دەبێت لە گەشتیار.

جگە لە خانوی گەشتیاری زۆربەی رۆژەکانیش ناو باخچەکان کە خانوی تێدایە لە سنوری گوندەکان ئەوانیش ١٨٠ خانووە، بەکرێ دەدرێت و پڕ دەبن لە گەشتیار.
ئەو گەشتیارانەی روو لەو ناوچەیە دەکەن گەشتیاری شارەکانی کوردستان و خوارووی عێراق و گەشتیاری بیانیش دێن.

گەشت و گوزاری چۆمان بۆ 964+ ئاماژەی بەوە کرد، “زۆرترین گەشتیار لە مانگی ئایار تاکو مانگی ئەیلول سەردانی شوێنە گەشتیاریەکانی قەزای چۆمان دەکەن و دەتوانین بڵێین لەناوەڕاستی وەرزی بەهار تاکو سەرەتای وەرزی پایز زۆرترین ڕێژەی گەشتیار دێن و دەمێننەوە”

به‌پێی زانیارییه‌كانى گەشتوگوزاری چۆمان، ئاماری راست و دروست له‌به‌رده‌ستدا نییە، بەڵام ساڵانە نزیکەی ٨٠٠ تاوەکو ٨٥٠ هەزار گەشتیار سەردانی ئەو ناوچەیە دەکەن لە تەواوی وەرزە جیاوازەکان.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری چۆمان ده‌شڵێت، بەهۆی ئەوەی رێژەیەکی زۆر دار و درەخت و چەم و رووبار هەیە، وەرزی پایز لەم ناوچەیە دیمەنەکانی زۆر جوانن و رێژەیەکی زۆر گەشتیارش بۆ دیتنی دیمەنەکانی پایز سەردانی ئەو ناوچەیە دەکەن.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، له‌ وەرزی زستان و بەفربارین کە ساڵانە چەندین گروپ و گەشتیاری ناوخۆ و بیانی سەردانی ناوچەکە دەکەن بۆ ئەنجامدانی یارییەکانی سەر بەفر و سەرکەوتن بەسەر شاخەکانی ناوچەکە کە چیای هەڵگورد و چیخی دەرێ و گۆمی بێکۆدیان و کانیە رەش و پڕژە زۆرترین گەشتیار بۆ دێت و چەندین شەو دەمێننەوە.