پێنج یاریزانی پێشمەرگە گەیشتنە ریزی هەڵبژاردەی عێراق

 964+
یادگار محەمەد – سلێمانی

دوای بەڕێوەچوونی قۆناغی پاڵاوتن، پێنج یاریزانی پێشمەرگەی سلێمانی لە ئاستی تەمەنە جیاوازەکان گەیشتن بەڕیزی هەڵبژاردەی عێراق.

لە رۆژانی 12 بۆ 13. 5. 2023 و لەشاری بەغدا، دوا قۆناغی پاڵاوتنی یاریزانان بە مەبەستی گەیشتن بەڕیزی هەڵبژاردەی کاراتی عێراق بەرێوەچوو، تیپی پێشمەرگەی سلێمانی یەکێک لە بەشداربووەکانی ئەم پاڵەوانێتییە بوو کە یاریزانەکانیان توانیان ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن و دواجاریش شەش یاریزان لە ئاستی تەمەنە جیاوازەکان سەرکەوتن بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراق.

شڤان عوسمان، یاریزانی تیپی کاراتی پێشمەرگە لە لێدوانێکدا بۆ 964 وتی، هەموو ساڵێک تیپی کاراتی پێشمەرگە ئەنجامی باڵادەستی هەبووە لەسەر ئاستی عێراق و هەمیشە حسابی تایبەتیان بۆکراوە، هەربۆیە لەم کێبڕکێیەشدا وەک یاریزانان رووبەڕووی رکابەرییەکی بەهێز بووینەوە.

کاپتنەکەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق راشیگەیاند، دوای ململانێیەکی زۆر شەش یاریزانی تیپەکەمان گەیشتنە ریزی هەڵبژاردەی کاراتی عێراق، کە هەڵبژاردەکە ئامادەکاری دەکات بۆ پاڵەوانێتییەکانی ئاسیا کە بڕیارە لە مانگی تەموز رکابەرییەکانی لە مالیزیا بەڕێوەبچێت و هەروەها لە مانگی تشرینی دووەم پاڵەوانێتی جیهان لە وڵاتی هەنگاریا ئەنجام دەدرێت.

دوای تەواوبوونی رکابەرییەکان هەریەک لە رێباز حەکیم، لە کێشی 55 کغم و بڕیار یوسف، لە کێشی 67 کغم و هونەر حەمە خاڵ، لە کێشی 84 کغم و شڤان عوسمان، لەکێشی سەرو 84 کغم لەسەر ئاستی پێشکەوتووان گەیشتنە ریزی هەڵبژاردەی عێراق، شاکۆ عەلیش، لە ئاستی خوار تەمەنی 21 ساڵییەوە گەیشتە ریزی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق.

پێداچوونەوە: توانا نەقی