وەرزی چاندنی شەتڵی تەماتەیە لە کوێستانەکانی سۆران
964+
فەهمی نەبی
لە مانگی ئایارەوە لە ناوچە کوێستانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران شەتڵی تەماتە دەچێندرێت و مانگی 9 بەرهەمەکەی پێدەگات، بە وتەی جووتیارێک لەسەر ئاستی سۆران بۆ یەکەمجارە لە ژێر خانووی پلاستیکی تەماتە بەرهەم دێت.
لە 25.5 شەتڵی تەماتە لە ناوچە کەێستانییەکان دەچێندرێت، هەر قاپێک 105 بڕکی شەتڵی تێدایە، ئەمساڵ 50 هەزار شەتڵی تەماتەی جۆری زەهەبی ئامادەیە بۆ چاندن لەو ناوچەیە، ئەمەش بە وتەی سەفین ئیدریس، یەکێک لە بەرهەمهێنەرانی تەماتە لە سۆران.
سەفین ئیدریس، بۆ 964 دەڵێت: لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەو تەماتەی بەرهەم دێت، زیاتر لە 60 جۆری هەیە، بەڵام سێ جۆریان رەواجی زۆری لەسەرە، ئەوانیش جودی، زەهەبی و ریجتۆرم، جۆری زەهەبی بەرهەمەکەی دوو هێندەی بەرهەمەکانی دیکەیە، بۆیە بەشی زۆری جووتیارەکان ئەو جۆرە دەچێنن.
بە وتەی سەفین، “بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی سۆران، لە خانووی پلاستیکی تەماتە بەرهەم دێت، ئەو دەڵێت پێشتر خەیار و خاس چێندراون، بەڵام تەماتە بۆ یەکەمجارە بەرهەم دێت، دوو خانوی پلاستیکیمان وەک تاقیکردنەوە داناوە”.
تەماتە لە ناوچە کوێستانییەکان هەتا مانگی 9 بەرهەم دێت، بەڵام لە خانووی پلاستیکی چوار وەرزە تەماتە هەیە، ئەمەش بە وتەی سەفین ئیدریس.
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە هەریەکە لە حاجی ئۆمەران، بناری حەسەن بەگ، کوێستانەکانی هۆڕنە و رەشکین و ناوچەی کۆدۆ تەماتە دەچێندرێت.