تا 15 رۆژی تر کەس بۆی نییە بڕواتە سەر شاخی بەرانان

964+

توانا نەقی

ئێستا وەرزی زاوزێی ئاژەڵە کێویەکانە و پۆلیسی دارستان و ژینگەی دەربەندیخان هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە کەس تاوەکو 15 رۆژی تر نەچێتە سەر شاخی بەرانان.

پۆلیسی دارستان روونی کردووەتەوە، لە بەرواری 10.5.2023 تاوەکو 25.5.2023 هیچ کەسیک بۆی نییە بچێتە سەر شاخ بە پێچەوانەوە تووشی سزای یاسایی دەبێتەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەن.

دڵشاد محەمەد، کارمەند و کامێرامانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دەربەندیخان بە 964ی وت، ساڵانە لە دوو وەرزدا هەم جووت بوونی ئاژەڵەکان هەم زاوزێی ئاژەڵەکان روودەدات بەوهۆیەوە چونەسەر شاخ لە هاوڵاتیان قەدەغەدەکرێت.

وتیشی، ئێستا وەرزی زاوزێی ئاژەڵە کێویەکانە هەموو هاوڵاتیەک بە ئاسانی دەتوانێت بێچووی ئەو ئاژەڵانە بگرێت و راویان بکات، خاڵکیش بەهۆی سروشتی جوانی شاخی بارانانەوە زۆر رووی تێدەکەن مەترسی لەسەر ئەو ئاژەڵانە دروستدەبێت.

پێشتر چەندین هاوڵاتی سزا دراون بەهۆی ئەو کارەوە کە درەنگانی شەو چوونەتە سەر شاخی بەرانان، بۆیە مەفرەزە گەڕۆکەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دەربەندیخان دەچنە ئەو شوێنانە بە بەردەوامی و بە درۆنیش چاودێری دەکەن، ئەو کارمەندە وای وت.