بە قیستی پێنج ساڵ پێیان دەدرێت

30 هەزار فۆڕم بۆ وەرگرتنی ئامێرە کشتوکاڵییەکان پڕکراوەتەوە

964+

لە هەرێمی کوردستان 30 هەزار جوتیار فۆڕمی بۆ وەرگرتنی ئامێرە کشتوکاڵییەکان پڕکردووەتەوە و وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، کۆمپانیاکە لە قۆناغی هێنانی ئامێرەکاندایە.

تەندەری هێنانی ئامێرەکان بۆ کۆمپانیای هارون گرووپ دەرچووە و بە پێی بڕیاری 79ـی ئەنجومەنی وەزیران، کە هەر کۆمپانیایەک پاڵپشتی جوتیاران بکات لێخۆشبوونی گومرگی بۆ دەکرێت، ئاسانکاری بۆ کۆمپانیاکە کراوە.

وەرگرتنی ئامێرە کشتوکاڵییەکان بە پێشەکی 20% و بە قیستی پێنج ساڵ بە جوتیاران دەدرێت.

30 هەزار فۆڕم پڕکراوەتەوە و ئەوانەی فۆڕمیشیان وەرنەگرتووە دەتوانن لە وەرگرتنی ئەو ئامێرانە سوودمەند بن. ئەوە وتەی هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمە بۆ 964.

دەشڵێت، ئێستا کۆمپانیاکە لە قۆناغی هێنانی ئامێرەکاندایە بۆ هەرێمی کوردستان.