پۆلیس: باوەژن و خوشکەکەی لەبەردەم دادوەر دانیان بە کوشتنی کچە 11 ساڵانەکەی قەڵادزێ ناوە

964+

فەرمان سادق

لەسەر رووداوی دیارنەمانی کچە 11 ساڵانەکەی قەڵادزێ، پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، باوەژن و خوشکەکەی لەبەردەم دادوەر دانیان بە تاوانەکەیان ناوە.

بۆ سەردانی کەسوکاری باوەژنەکەی دوێنێ چوارشەممە 10.5.2023، لەگەڵ باوکی لە هەولێرەوە دەچێت بۆ قەڵادزێ، بۆ ئێوارەکەی لەگەڵ باوەژنەکەی و خوشکە تەمەن 15 ساڵەکەی لە گەرەکی راپەڕین لە قەڵادزێ دەچنە سەر چەمی خاسە.

(ئ. ئ. م)ـی تەمەن 11 ساڵان، بە قسەی پۆلیس بێت خوشکی باوەژەنەکە بردوویەتی بۆ سەر چەمی خاسە لەسەر زێی بچووک و هەر لەوێ پاڵی پێوەناوە بۆ ناو زێی بچووک.

درەنگانی شەوی رابردوو پۆلیس بە رووداوەکەی زانیوە و نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە دووری 450 بۆ 500 مەتر تەرمی کچەکەیان لەناو زێی بچووک دۆزیوەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادی کراوە.

لەسەر رووداوەکە شەوی رابردوو پۆلیس، باوەژن و خوشکەکەیان دەستگیر کردووە و دەڵێت: لەبەردەم دادوەر دانیان بە تاوانەکەدا ناوە.

دەقی راگەیەندراوی پۆلیسی راپەڕین:

دوێنی 10.5.2023 کاتی ئێوارە ژنێک بەناوی (ن،ع،ا) تەمەن 39 ساڵ، دانیشتووی شاری هەولێر کە پێشتر بە سەردان هاتووەتەوە بۆ ماڵی باوکیان لە شاری قەڵادزێ، دوای دیارنەمانی زڕ کچەکەی سەردانی بنکەی پۆلیسی راپەڕينی کردووە و هەواڵیدا بەوەی کە زڕکچەکەی بەناوی (ئ،ئ،م) تەمەن (١١) ساڵ دیار نەماوە و ونبووە.

دەستبەجێ هێزەکانمان لە قەزای پشدەر دوای گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دیارنەمانی کچەکە.

لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون، دەرکەوەت کە ونبوونی کچەکە گوماناویە، دوای 4 کاتژمێر بەسەر هەواڵی ونبوونی هێزەکانمان خوشکێکی باوەژنی تاوانلێکراویان دەستگیرکرد کە ناوی (ه،ع.ا) تەمەن 15 ساڵە و دانیشتووی قەڵادزێیە، دوای ئەوەی لێکۆڵیەنەوەی لەگەڵ کرا لەبەردەمی پۆلیس و دادگا دانی ناوە بەوەی کە ‘ پێش نیوەڕۆی دوێنی لەسەر راسپاردەی خوشکەکەی بەمەبەستی خنکاندنی کچە تەمەن 11 ساڵانەکە لەماڵی خۆیان بردوویەتی بۆ زێی بچووک لە خاس، بە گەیشتنیان بۆ ئەو شوێنە لە قەراخ ئاوەکە پاڵی بە کچەکەوە ناوە بەمەبەستی خنکاندنی و بەو هۆیەشەوە خنکاوە، دانی ناوە بەوەشدا کە ئەم تاوانەی ئەنجامیداوە بە قسەی خوشکەکەی بووە کە دەکاتە باوەژنی کچە تەمەن 11 ساڵانەکە، پێشتریش چەند جارێک هەوڵی کوشتنی ئەو کچەیان داوە، بەڵام هەوڵەکانیان شکستی هێناوە”.

بە وتەی باوکی کچە خنکاوەکە کە دانیشتووی شاری هەولێرە ‘ کاتێک کچەکە تەمەنی تەنیا (6) مانگ بووە، هەڵیگرتۆتەوە و بە یاسا کردوویەتی بە کچی خۆی. کاتێکیش منداڵەکە تەمەنی بووە بە 8 ساڵ، باوکەکە هاوسەرگیری لەگەڵ باوژنەکە کردووە، ئێستا سکاڵای هەیە لە دژی ژنەکەی و خوشکی ژنەکەی.

پێشنوەڕۆی ئەمڕۆ، تەرمی کچەکە لە ئاوی خاس لەلایەن هێزە ئەمنیەکان دۆزرایەوە و بەڕێکرا بۆ پزیشکی دادوەری بەمەبەستی ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی بۆ تەرمەکەی.

مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کرایەوە و هەردوو تۆمەتبار کە هەردووکیان خوشکن بە بڕیاری بەرێز دادوەر و بەپێی ماددەی (406) لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.

Enter

Dilan