دووه‌م رێڕەوی ئاسنین بە رووی شاخەواناندا كرایەوە

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دووه‌م رێڕه‌وى ئاسنین لە زنجیرە چیای سەگرمە و قۆپی قەرەداغ، به‌ رووى شاخه‌واناندا كرایه‌وه‌،‌ پێشتر یه‌كه‌م رێڕه‌و به‌ناوى گەلی كەڕەك له‌ خه‌ره‌ندى رواندز چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر كرابووه‌وه‌.

ئه‌و رێڕه‌وه‌ نوێیه‌ له‌ ده‌ربه‌ندى مه‌سورانه‌ كه‌وتووه‌ته‌ گوندى ئاوه‌سپی ناحیه‌ى سێوسێنانى سه‌ر به‌ قه‌زاى قه‌ره‌داغ و دواى  ساڵێك كاركردن تیایدا، به‌ڕووى گروپه‌كانى شاخه‌وانیدا كرایه‌وه‌ .

میران محه‌مه‌د صاڵح، دامه‌زرێنه‌رى رێكخراوى شاخه‌وانى سه‌گرمه ‌و جێبه‌جێكارى رێڕه‌وه‌كه‌، به‌ 964ـى وت “ماوه‌یه‌كه‌ كار له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى ئه‌و رێڕه‌وه‌ ده‌كه‌ین، هه‌موو كاره‌كانمان به‌پێی ستانداردی نیوده‌وڵه‌تیه ‌و سودى زۆریشمان له‌ ‌لایه‌نه‌ باش و خراپه‌كانى دروستكردنى رێڕه‌وه‌ ئاسنینه‌كه‌ى رواندز وه‌رگرتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى باشتر جێبه‌جێی بكه‌ین”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، درێژى گه‌شتكردن به‌ناو ئه‌و رێڕه‌وه‌دا حه‌وت هه‌زار و 600 مه‌تر دووجایه‌، وتیشی “هه‌ر گروپێكی شاخه‌وانى بیانه‌وێ گه‌شتى ئه‌و شوێنه‌ بكه‌ن ئازادن”.

له‌باره‌ى بوونى مه‌ترسی له‌ناو ئه‌و رێڕه‌وه‌ ئاسنینه‌دا، میران ئه‌وه‌ى روونكرده‌وه‌، هیچ مه‌ترسیه‌كى بوونى مین و ته‌قه‌مه‌نى له‌و شوێنه‌دا نیه‌، به‌ڵام وه‌ك باسده‌كرێت جۆره‌ ئاژه‌ڵێكی دڕنده‌‌ له‌و ناوچه‌یه‌ هه‌بێت، ناوى (واز)ه‌ كه‌ له‌ پڵنگ بچووكتره‌و له‌ پشیله‌ش گه‌وره‌تره‌.

به‌قسه‌ى ناوبراو ئه‌وه‌ دووه‌مین پڕۆژه‌یه‌ بۆ بوارى شاخه‌وانى ئه‌نجامى ده‌دات، پێشتر كه‌مپێكی له‌سه‌ر چیاى پیره‌مه‌گرون بۆ پشوودان و مانه‌وه‌ى شاخه‌وانان دروستكردووه‌ و ئه‌مه‌ى ئێستاش دووه‌م پڕۆژه‌یه‌تى، وتیشی “تێچووى كاره‌كانى ئه‌و رێڕه‌وه‌ ئاسنینه‌ هه‌مووى له‌سه‌ر خۆم بووه‌ كه‌ نزیكه‌ى حه‌وت هه‌زار دۆلارم لێ خه‌رجكردووه‌”.

رێڕەوی ئاسنینی دەربەندى مەسوران لە ساڵی 2022 دەست بە دروستکردنی کراوە، لە شەش بەربەست و تاڤگەی جوان و سه‌رنجڕاکێش پێکهاتووە، کە دەیان بەستێتەوە بەیەکەوە.