دوو هەنگاو ماوە بۆ وەرگرتنی
قەرز بە دەرچووانی گەشتوگوزار و خاوەن پڕۆژە دەدرێت
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
هەوڵی وەرگرتنی قەرزی بچووک، مامناوەند و گەورە بۆ دەرچووانی بەشی گەشتیاری و خاوەن پڕۆژەکانی ئەو بووارە دەدرێت. دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، دوو هەنگاومان ماوە بۆ جێبەجێکردنی.
دەستەی گەشتوگوزار لەگەڵ هەریەکە لە بانکی ناوەندی و کۆمەڵەی بانکە عێراقییەکان دانیشتنی کردووە و رەزامەندی دراوە ئەو قەرزە بەو کەسانە بدرێت.
ئەوەی ئێستا ماوەتەوە ئەوەیە، چۆن گەرەنتی ئەو بانکانە بکرێت ئەوانەی قەرزەکە وەردەگرن دەیگەڕێننەوە، لەگەڵ دیاریکردنی بڕی قەرزەکە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە 964ی راگەیاند، ئێمە ئێستا سەرقاڵی دانانی شێوازی وەرگرتن و گەڕاندنەوەی پارەکە و دیاریکردنی بڕەکەیداین.
وتیشی، “هەموو قۆناغەکانی تر کۆتاییان هاتووە و تەنیا ئەو دوو هەنگاوە ماوە جێبەجێ بکرێن”.