دوو هۆکاری هەڵکشانی بەهای دۆلار ئاشکرا بوون
964+
فەرمان سادق
لەگەڵ ئەوەی بەراورد بە هەفتەی رابردوو بانکی ناوەندی دۆلاری زیاتری فرۆشتووە، بەڵام لە دوو رۆژی رابردوودا نرخەکەی زیاتر هەڵکشاوە.
بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە 10.5.2023، لە بۆرسەی هەولێر بەهای هەر 100 دۆلارێک لە هەولێر بەرامبەر 146,200 دینارە، لە سلێمانیش بە 146,400 دینار و لە بەغداش بە 145,500 دینارە.
هەیە بە پیکاب پارە دەهێنێتە بازاڕ و دەیگۆڕێت بۆ دۆلار
کەیفی خۆشناو، وتەبێژی بازاڕی دراو لە هەولێر بە 964ـی وت، یەکێک لە هۆکارەکانی دووبارە گرانبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ ئەو خواستە زۆرە دەگەڕێتەوە کە لەسەر دۆلار هەیە.
نەمانی دۆلاری RT بانک یەکێکە لە هۆکارەکانی گرانبوونی دۆلار
دەشڵێت: هەیە بە پیکاب پارە دەهێنێتە بازاڕ و دەیگۆڕێت بۆ دۆلار، بینیومە حەوت ملیۆن دۆلاری کڕیوە.
زیاتر وتی “ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکانی گرانبوونی بەهای دۆلار، لەگەڵ ئەمەش نەمانی دۆلاری RT بانک، کە داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو رۆژانە 40 تاوەکو 50 ملیۆن دۆلاری دەخستە بازاڕ و دەیکرد بە دینار، ئەم دووە هۆکارن لە گرانبوونی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار”.
بانکی ناوەندی 207 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە
بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە، بانکی ناوەندی 207 ملیۆن 291 هەزار دۆلاری خستە بازاڕەوە، لەم بڕەودا 52 ملیۆن و 200 هەزار دۆلاری بۆ ناوخۆ بووە و 155 ملیۆن دۆلارەکەی دیکەش وەک حەواڵە بووە.