بیانییەکانیش بەشداری لە ماراسۆنی هه‌ولێر دەکەن

زیاتر لە سێ هەزار کەس بەشداری دەکەن

+964

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

بە بەشداری زیاتر لە سێ هەزار کەس و هەندێک خەڵکی بیانییش، نۆیەمین ماراسۆنی نێودەولەتی هەولێر دەستپێ دەکات کە درێژییەکەی ٢١ کیلۆمەترە.

سبه‌ی هه‌ینی ٢٥ـی تشرینی دووه‌م، نۆیه‌مین ماراسۆنی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر ده‌ستپێ ده‌كات، سه‌رۆكی رێكخراوی ماراسۆنیش دەڵێ؛ ژمارەیەکی کەم لە خه‌ڵكی بیانیش بەشداری دەکەن.

عه‌بدولسه‌تار عیسمه‌ت، سه‌رۆكی رێكخراوی ماراسۆن بۆ وه‌رزش و ئاشتی، به‌ 964+ـی راگه‌یاند؛ سبه‌ی هەینی نۆیه‌مین ماراسۆنی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، تا ئێستاش زیاتر له‌ سێ هه‌زار كه‌س خۆیان ناونووس كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی بكه‌ن.

ماراسۆنه‌كه‌ دوو پێشبڕكێی تێدایه‌، یه‌كه‌میان ٢١ كیلۆمه‌تره‌ و گشتییه‌، ئه‌ویتریان چوار كیلۆمه‌تره‌ و زیاتر بۆ كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن و ژنان و منداڵانه‌.

خاڵی ده‌ستپێكی هه‌ردوو پێشبڕكێی ماراسۆنەکە، له‌به‌رده‌م هۆتێل رۆتانا ده‌بێت و خاڵی كۆتاییش له‌ ده‌رگه‌ی پاركی سامی عه‌بدولڕه‌حمان ده‌بێت به‌رامبه‌ر باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان.

“ماراسۆنه‌كه‌ دوو پێشبڕكێی تێدایه‌، یه‌كه‌میان ٢١ كیلۆمه‌تره‌ و گشتییه‌، ئه‌ویتریان چوار كیلۆمه‌تره‌”

سه‌رۆكی رێكخراوی ماراسۆن بۆ وه‌رزش و ئاشتی وتی “له‌ پاركی مناره‌ی هه‌ولێر، چه‌ند رۆژێكه‌ ئۆفیسێكمان داناوه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت ناوی خۆیان بۆ به‌شداریكردن بنووسن، كاتژمێر شه‌شی دوێنێ ئێوارە دوا وادەی ناونووسین بوو”.

زیاتر وتی “ئه‌مساڵ ژماره‌ی كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق كه‌متره‌ بەراورد ەب ساڵانی رابردوو، تەنیاپەنجا بۆ شەست کەس له‌ده‌ره‌وه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ هه‌ولێر، چونكه‌ له‌ ٢٠١٩ـه‌وه‌ ماراسۆنه‌كه‌ نه‌كراوه‌ و جۆرێك له‌ دابڕان دروست بووه‌، جگه‌ له‌وه‌ له‌ هه‌ندێك وڵاتی ئه‌فریقا ژماره‌یه‌ك كه‌س ده‌یانویست به‌شداربن، به‌ڵام ئێمه‌ داوای لێبوردنمان لێكردن، چونكه‌ خه‌ڵكی به‌شێك له‌ وڵاتانی ئه‌فریقا كاتێك دێنه‌ كوردستان و عێراق كێشه‌ی ڤیزایان هه‌یه‌”.

“+964 دەزانێت، ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرس و كارمه‌ندانی كونسڵخانه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا له‌ كوردستان به‌شداریی ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها پارێزگاری هه‌ولێر، وه‌زیری ته‌ندروستی و بریكاری وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان ناویان خۆیان تۆمار كردووه‌ و به‌شداریی ده‌كه‌ن.

عه‌بدولسه‌تار عیسمه‌ت، سه‌رۆكی رێكخراوی ماراسۆن بۆ وه‌رزش و ئاشتی دەڵێ؛ بانگهێشتنامه‌مان بۆ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان ناردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی بكه‌ن.

له‌ ماراسۆنی رابردوودا كه‌ له‌ 2019 كرا، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ندێك له‌ وه‌زیر و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك له‌ كونسڵی وڵاتان له‌ كوردستان، به‌شداربوون.

رێكخراوی ماراسۆن بۆ وه‌رزش و ئاشتی، له‌ ساڵی 2008 دامه‌زراوه‌، یه‌كه‌م ماراسۆنی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێریشی له‌ 2011 رێكخست و تا ئێستا هه‌شت ماراسۆن كراوه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی ده‌یان پێشبڕكێی تری راكردن و پایسكلسواری رێكخستووه‌.